وەزیری دەرەوەی ئوردن گومان دەخاتە سەر توانای ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی حەماس: تێناگەم چۆن دەیکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئوردن گومان دەخاتە سەر توانای ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی حەماس و دەڵێت، تێناگات لەوەی کە ئیسرائیل چۆن دەتوانێت حەماس لەنێوببات.
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن رۆژی شەممە 18-11-2023 لە کۆڕبەندی ئاسایشی مەنامە لە بەحرێن گوتی، "ئیسرائیل دەڵێت، دەیەوێت حەماس بسڕێتەوە. زۆر کەسی سەربازی لێرەن، تەنیا دەمەوێت بزانم ئەم ئامانجە چۆن دەکرێت بەدەستبهێنرێت."
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئوردن هۆشداریی دا کە ئوردن "هەموو شتێک دەکات" بۆئەوەی رێگری لە ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان بکات. هەر لەوبارەوە سەفەدی دەڵێت، "هەرگیز رێگە نادەین ئەوە رووبدات. جگە لەوەی کە ئەوە تاوانی جەنگە، دەبێتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ ئاسایشی نیشتمانیمان."
شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی زیادبوونی ترس و نیگەرانی لە ئوردن، کە شوێنی گیرسانەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە فەلەستینییەکانە.
بەهۆی ئەوەی لە کەرتی رۆژئاوا هێرشی جووە هاوردەکان بۆ سەر خەڵکی فەلەستینی زیادی کردووە، عەمان نیگەرانە لەوەی ئیسرائیل فەلەستینییەکان ناچار بکات بە کۆمەڵ کەرتی رۆژئاوا جێبهێڵن و رووبکەنە ئوردن.
سەفەدی باسی لەوەش کردووە، "ئەم جەنگە، جگە لە ململانێی زیاتر، نەهامەتیی زیاتر و مەترسیی بەرفراوانبوونی بۆ جەنگێکی هەرێمی، بە هیچ شوێنێکمان ناگەیێنێت."