نەتەنیاهوو: بریکارەکانی ئێران کە هەوڵیاندا من و خێزانەکەم بکوژن هەڵەیەکی گەورەیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران بە هەوڵدان بۆ "تیرۆکردنی" ئەو و هاوژینەکەی "هەڵەیەکەی گەورەیان کرد". دەشڵێت، هەر کەسێک بیەوێت زیان بە ئیسرائیل بگەیێنێت "باجێکی قورس" دەدات.
نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "بریکارەکانی ئێران کە ئەمڕۆ هەوڵی تیرۆرکردنی من و هاوژینەکەمیان دا، هەڵەیەکی گەورەیان کرد." گوتیشی هەر کەسێک بیەوێت زیان بە ئیسرائیل بگەیێنێت، "باجێکی قورس دەدات".
نەتەنیاهوو بە ئێران دەڵێت: "بەردەوام دەبین لە لەنێوبردنی تیرۆرستەکانتان."
هەر ئەمڕۆ ئەمیر ئۆهانا، گوتەبێژی پەرلەمانی ئیسرائیل گوتی، ئێران "هەڵەیەکی گەورەی" کرد و "باجەکەیشی دەدات".
گوتەبێژەکە هەروەها باسی لەوە کرد، دوای ئەوەی ئێران باجی هەڵەکەی دەدات، نەک لە فڕاندنی درۆن، بەڵکو لەوەش "پەشیمان دەبنەوە کە خۆیان فێری فڕاندنی فڕۆکەی کاغەزی کردووە".
ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "هێزە بە وەکالەتاکانی سەر بە ئێران کە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیران بنیامن نەتەنیاهوو و خێزانەکەییان دا، جارێکی دیکە رووی راستەقینەی ئێرانیان پیشاندا."
ئەمڕۆ حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، بە درۆن هێرش کراوەتە سەر ماڵی نەتەنیاهوو، بەڵام لەوکاتەدا خۆی و هاوژینەکەی لە ماڵ نەبوون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سێ درۆن لە لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێردەستیان کراون و بەرپەرچی دووان لەو درۆنانەیان داوەتەوە.
یەکێک لەو درۆنانە بە ماڵی نەتەنیاهوودا لە شارۆچکەی قەیسەرییە تەقییەوە کە بە گوتەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بە گوتەی حکومەتی ئیسرائیل، لە کاتی هێرشەکەدا، نەتەنیاهوو و هاوژینەکەی لەماڵ نەبوون.