پێنتاگۆن: بەرپەچی سێ مووشەکمان دایەوە کە رەنگە لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابن
رووداو دیجیتاڵ
پێنتاگۆن دەڵێت، شکستیان بە کۆمەڵێک هێرشی حوسیەکانی یەمەن هێناوە کە ویستوویانە هێزی دەریایی ئەمریکا و ئیسرائیل بکەنە ئامانج، دەشڵێت رۆژی چوارشەممە بەڵێندەرێکی سڤیل لە بنکەی عەین ئەسەد دوای لێدانی زەنگی مەترسیی هەبوونی هێرش، بە جەڵتەی دڵ مردووە، بەڵام زانیارییان نییە رۆژی پێنجشەممە هێرشی نوێ کرابێتە سەر بنکەکە.
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "سێ مووشەکی کرووز و هەشت درۆن" لە باکووری دەریای سوورەوە لایەن کەشتیێکی سەربازیی ئەمریکییەوە خراونەتە خوارەوە. بە گوتەی رایدەر، هێرشەکان لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە ئەنجامدرابوون، کە "رەنگە" ئامانجیان ئیسرائیل بووبێت.
رایدەر هەروەها باسی لەوە کرد، رۆژی چوارشەممە، بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە تەنەف لە سووریا، بە دوو درۆن کراوەتە ئامانج. لە هەمان رۆژ، زەنگی مەترسیی هەبوونی هێرش لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری عێراق لێدراوە، هێرشەکە رووینەداوە، بەڵام سەرباز و خەڵکی نێو بنکەکە رایانکردبوو بۆ نێو پەناگەکان. بە گوتەی رایدەر، لەو کاتەدا، بەڵێندەرێکی سڤیل تووشی جەڵتەی دڵ بووە و مردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە خۆی وەکو گرووپێکی چەکداریی عێراقی دەناسێنێت رایگەیاند، بە ژمارەیەک مووشەک بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدیان کردووەتە ئامانج و ئامانجەکانیان "راستەوخۆ و بە وردی" پێکاوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش هەواڵەکەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام رایدەر گوتی هیچ زانیاریێکیان نییە لەسەر ئەو هێرشە.
شەوی پێنجشەممە، 19-10-2023، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، بە درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق و دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نێو بنکەکە بیستراوە.
گرووپی چەکداریی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە هێشتا پێکهاتە و سەرکردەکانی ئاشکرانەکردووە و لە دوای شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیلەوە دەرکەوتووە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بنکەی عەین ئەسەدی "داگیرکاریی" ئەمریکایان بە ژمارەیەک مووشەک کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئامانجەکانیان بە"وردی و راستەوخۆ" پێکاوە."
رایدەر گوتی، "هەموو رێکارێک" دەگرنە بەر بۆ ئەوەی سەلامەتی و ئاساییشی سەربازەکانیان لە عێراق و سووریا بپارێزن.
ئەم هێرشانەی سووریا، عێراق و ئەوانەشی کە پێنتاگۆن دەڵێت لە یەمەنەوە کراون، نیگەرانییەکانی بەرفراوانبوون و تەشەنەکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل زیاددەکەن، کە لە رۆژی 7ی ئەم مانگەوە (تشرینی یەکەم) دوای هێرشی کتوپڕی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی سەرووی پێنج هەزار کەس لە هەردوو لا.
لە بارەی ئەو مووشەک و درۆنانەی کە گوایە لە یەمەنەوە هاوێژراون، رایدەر گوتی: "ناتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین ئەم مووشەک و درۆنانە ئامانجیان چی بووە، بەڵام لە یەمەنەوە هاوێژرابوون و بە درێژایی دەریای سوور بەرەو باکوور دەرۆیشتن."
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کرد، درۆن و مووشەکەکان لەلایەن کەشتیی تێکشكێنەری یوو ئێس ئێس کارنییەوە خراونەتە خوارەوە.
بە گوێرەی لێکدانەوەی سەرەتایی پێنتاگۆن، کەشتییەکە نەکراوەتە ئامانج. هیچ دەریاڤانێکی نێو کەشتییەکە زیانی بەرنەکەوتووە.
رایدەر گوتی، هێشتا بەردەوامن لە کۆکردنەوەی زانیاری.
هێرشەکە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە روویداوە و مووشەک و درۆنەکان بەربوونەتەوە نێو دەریا نەک وشکانی، ئەمە وەک رایدەر ئاماژەی پێ کرد.