سوپای ئیسرائیل بۆردوومانکردنی 30 سەکۆی مووشەکیی حیزبوڵڵای لوبنانی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ 

فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل، بۆردوومانکردنی ژمارەیەک جبەخانە و پێگە سەربازییەکانی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانی بڵاوکردەوە و بەپێی هەواڵەکە 30 سەکۆی مووشەک کە بۆ هێرشکردن ئامادەکرابوون، کرانە ئامانج. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، سایتی رادیۆی سوپای ئیسرائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە باس لەوە دەکات، فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە هێزە ئاسمانییەکانیان ژمارەیەک پێگە، ژێرخانی سەربازی، باڵەخانە و جبەخانەی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنانیان کردە ئامانج. 
 
بەپێی هەواڵەکە، فڕۆکە جەنگییەکان لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکەدا 30 سەکۆی مووشەکییان کردە ئامانج، کە 150 مووشەکی لەخۆگرتبوو، حیزبوڵڵا ئامادەیی دەکرد بۆ هەڵدانیان بۆ ئاسمانی ئیسرائیل. 
 
لە هەواڵی رادیۆکەدا هاتووە سەرجەم سەکۆ مووشەکییەکان و سێ باڵەخانەی سەربازیش کە سەر بە حیزبوڵڵا بوون خاپوور کران. 
 
هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستەڕوو، تۆپهاوێژەکانی سوپای ئیسرائیل بە چڕی ناوچەی ناقوڕە-یان تۆپباران کرد، کە جموجووڵی سەربازیی حیزبوڵڵا تێیدا بەدی دەکرا. 
 
ئەم هێرشانەی سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ حیزبوڵڵا-ی لوبنان 10 مووشەکی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کرد. میدیای فەرمیی ئەم وڵاتەش رایگەیاند، مووشەکەکان ئاراستەی جوولەکەنشینی زرعێت سەر بە ناوچەی جەلیل-ی باکووری ئیسرائیل کراون. ئاماژەی بەوەشدا لە مووشەکبارانەکەدا زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیان بەر ژمارەیەکی باڵەخانە لە ناوچەکەدا کەوتووە.