هاکان فیدان: ئامادەین لەگەڵ ئەسەد کۆببینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندەییەکانی لەگەڵ سووریا بەردەوامن.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی پێنجشەممە میوانی دیسکی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو بوو. لەبارەی چۆنییەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دراوسێکەیان وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
 
فیدان گوتی: "لەگەڵ حکومەتەکەی ئەسەد ماوەیەکی زۆرە بە شێوازی جۆراوجۆر دیدارمان کردووە، لە لایەنی هەواڵگری و سەربازییەوە. لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئاستانە و ئەو رێککەوتنە سەربازییەی لەگەڵ رووسەکاندا کردمان، بەتایبەتی لە ساڵی 2017ـەوە، ئێستا شەڕێکی بەستوو هەیە، هیچ ململانێیەک نییە، کەشێکی بێدەنگ هەیە. لەو کاتەوە بیرمان لەوە کردووتەوە کە هەنگاوەکان بەرەو چارەسەری هەمیشەیی بۆ هەندێک بابەت بنرێت".
 
فیدان ئاماژەی بەوەدا، تورکیا ئامادەیە لەگەڵ ئەسەد کۆببێتەوە و پشتگیری لە چارەسەریی سیاسی دەکەن لەو وڵاتە. رەخنەی لە سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا گرت بەوە پاڵپشتی لە یەپەگە دەکات کە بە گوتەی فیدان رووبەرێكی فراوانی خاکی سووریای داگیرکردووە. 
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەشڵێت: "یەک لەسەر سێی خاکی سووریا لەلایەن پەکەکە/یەپەگەوە داگیرکراوە کە ئەمریکا پاڵپشتییان دەکات. لەو ناوچانەی داگیرکراون بەتایبەتی سامانێکی سرووشتی دەوڵەمەند هەیە کە سوودێکی گەورەی بۆ سووریا دەبێت، لە سەروویانەوە نەوت. من پێموایە ئەگەر چارەسەرێک هەبێت لەو شێوازەی کە تورکیا دەیەوێت، سووریا دەتوانێت بە ئاسانی کێشەکانی دیکەی چارەسەر بکات". 
 
بەرپرسانی تورکیا بەردەوام جەخت لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا دەکەنەوە، بەڵام بەرپرسانی سووریا چەند جارێک رایانگەیاندووە، تاوەکو هێزەکانی تورکیا لە وڵاتەکەیان بن، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە رۆژەڤدا نییە.