لوبنان گواستنەوە و بەکارهێنانی ئامێرەکانی 'پەیجەر' و 'وۆکی تۆکی' لە فڕۆکەخانە قەدەخە دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنیی لوبنان داوا لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کرد گواستنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر و وۆکی تۆکیی تایبەت بە پەیوەندیکردنی لە سەرنشینانی فڕۆکەکان، قەدەخە بکرێت.
 
بەڕێوبەرایەتی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە لوبنان لە گشتاندنێکدا کە بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و ئەوانەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی رەفیق حەریری کاردەکەن ناردووە، گواستنەوە یان بەکارهێنانی هەموو ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی جۆری پەیجەر و وۆکی تۆکی، کە رۆژی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بە هەزارانیان لێ تەقینەوە. قەدەخە دەکات.
 
هەنگاوەکەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی لوبنان لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا 37 کەس بەهۆی بەکارهێنانی ئەو دوو ئامێرە کە دەگوترێت بەشێکی زۆریان لەدەستی ئەندامان و چەکدارانی حیزبوڵڵادان و بەشێکی کەمیشیان لەلایەن خەڵکانی ئاساییەوە بەکاردەهێندرێن، گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە سێ هەزار و 250 کەسیش برینداربوون، تەندروستیی 300یان ناجێگیرە.
 
دامەزراوە لوبنانییەکە بە کۆمپانیاکانی راگەیاندووە، تاوەکو کاتێکی نادیار گواستنەوەی ئەو ئامێرانە بە فڕۆکە قەدەخە بکرێت، هەروەها ئەوەش هاتووە: "ئەو ئامێرە چی لە جانتای گەشتکردن یان جانتای دەست یان بەڕێگەی گواستنەوەی ئاسمانی بێت قەدەخە بکرێت، ئەگەر نا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت."
 
رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە هەزاران ئامێری پەیوەندیکردن لە بەیرووت و چەند شوێنێک تەقینەوە، هەرزوو حیزبوڵڵا بەرپرسیاریێتی کردەوەکەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە و رەتیشی نەکردووەتەوە.