هاونیشتمانییەک کە بۆ حەج چووەتە سعودیە، لەوێ نەشتەرگەریی مێشکی بۆ کرا

هاونیشتمانییەکە لەژێر چاودێریی چڕدا لە نەخۆشخانە کە کچەکەی بەسەرییەوە وەستاوە، وێنەکە نەبەز ئیسماعیل بڵاوی کردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاونیشتمانییەک کە بۆ حەج چووەتە سعودییە، جەڵتەی مێشک لێی داوە و پێویستی بە نەشتەرگەری بووە. 
 
رۆژی دووشەممە 19-06-2023، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو حاجییە ناوی ئەختەر ئەحمەدە و دانیشتووی هەڵەبجەی تازەیە، لەدایکبووی ساڵی 1955ـە. ئەو لە هەرێمی کوردستان نەخۆش بووە، بەڵام دۆخی تەندروستیی زۆر خراپ نەبووە؛ کاتێک گەیشتووەتە سعودییە، جەڵتەی مێشک لێیداوە و راستەوخۆ بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە".
 
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، "ئەو حاجییە هیچ کەسێکی لەگەڵدا نەبووە، بەڵام دوێنێ (یەکشەممە) کچەکەی گەیشتووەتە سعودیە و دواتر ئەختەر نەشتەرگەریی مێشکی بۆ کرا، هێشتاش ژیانی لەمەترسیدایە".
 
یەکەم زیارەتی هاونیشتمانییان بۆ سعودیە 9ـی ئەم مانگە بە رێگەی وشکانی دەستیپێکرد؛ گەشتی ئاسمانیش لە 12ـی ئەم مانگە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستیپێکرد.
 
نەبەز ئیسماعیل گوتی، "رۆژی یەکشەممە دوایین کاروانی حاجییان گەیشتە سعودیە و بەوەش سەرجەم حاجییان گەیشتوون کە ژمارەیان چوار هەزار و 685 حاجییە".
 
تێچووی حەجی ئەمساڵ بە رێگەی ئاسمانی 4 هەزار و 500 دۆلارە و بە رێگەی وشکانیش 3 هەزار و 800 دۆلارە.