سوودانی لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبییەوە داوای پێکەوە کارکردنی وڵاتانی ناوچەکە دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی دەکات، پێکەوە کاربکەن، سوود لە داهاتە جیاوازەکان وەربگرن و وڵاتەکانیان ئاوەدان بکەنەوە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 19ی ئایاری 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 32ـەمین لووتکەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی گوتارێکی پێشکێشکرد و بەخێرهاتنەوەی سووریای کرد بۆ ئەندامێتی لە کۆمکاری عەرەبی و جەختی لەوەکردەوە، کە عێراق هەمیشە پاڵپشتی لەو هەنگاوە کردووە و پێی وابووە گەڕانەوەی سووریا هۆکار دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە. 
 
محەممەد شیاع سوودانی داوایەکی ئاراستەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی کرد و گوتی، گرنگە پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی ئابوورییەکەیان بەهێزتر بکەن و وەبەرهێنانی گەورە بە سوودوەرگرتن لە داهاتە فرەچەشن و جیاوازەکانیان بە باشترین شێوە بکەن. 
 
سوودانی باسی لەوەشکرد، ئەو هەنگاوە ئەستەم نییە بەهۆی ئەوەی وڵاتانی دیکە لەم بوارەدا توانییان هەنگاوی هاوشێوە بنێن، لە کاتێکدا ئامرازی بەردەستیان وەک پێویست نەبووە و تەنانەت زمانی هاوبەشیشیان نەبووە؛ بۆیە "ئەرکی سەرشانی هەمووانە کە دەست بۆ هەموو گۆشەیەکی تەواوکاریی ئابووری لەنێوان وڵاتانیان ببەن". 
 
سوودانی راشیگەیاند، لەسەر ئەو بنەمایە عێراق چەندین کۆنگرەی تایبەت رێکدەخات بۆ "دانانی بەردی بناخەی ئەو جۆرە هاوئاهەنگییە. لەنێو ئەوانیشدا کۆنگرەی بەغدا-2023 بۆ تەواوکاریی ئابووری و سەقامگیریی هەرێمی. هەروەها لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بەغدای پایتەخت ئامادەکاری دەکات بۆ رێکخستنی کۆنگرەی رێگەی گەشەپێدان؛ ئەو پڕۆژە گەورە چاوەڕوانکراوە کە دەبێتە رایەڵی کۆکەرەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشە کۆکەرەوەکانی گەلەکانمان."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا محەممەد شیاع سوودانی داوای لە کۆمکاری عەرەبی کرد لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا بە هاوبەشی کاربکەن بۆ ئەوەی ئەو مەترسییە گەورەیە لەسەر گەنجەکان لاببەن و گوتی، "ماددە هۆشبەرەکان کاریگەری رووخێنەریان لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و کولتووری دروست دەکەن".
 
دەقی گوتاری محەممەد شیاع سوودانی لە 32ـەمین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی 
 
بەخۆشحاڵییەوە بەخێرهاتنەوەی سووریا دەکەم بۆ شوێنە سرووشتییەکەی. ئەو هەنگاوەی هەمیشە دووپاتمان لێ دەکردەوە و هەر لە سەرەتاوە پاڵپشتیمان دەکرد و پێمان وابوو گەڕانەوەی هۆکار دەبێت بۆ سەقامگیریی ناوچەکە. لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر سەرجەم برا و خوشکانمان لە وڵاتانی عەرەبییدا، پێداگری لە کاری هاوبەش و هاوئاهەنگیی عەرەبی لەپێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەکەینەوە. ئەرکی سەرشانی ئێمەیە رێگر بین لەوەی سوودان نەخزێتە نێو دۆڵی جیابوونەوە و پارچە پارچەبوون و رشتنی خوێن. هەروەها پێشوازی لە سەرجەم ئەو دەستپێشخەرییانە دەکەین کار بۆ راگرتنی شەڕوپێکدادانەکان دەکەن. 
 
هیوادارین هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی نێوخۆیی لە لیبیا ئەنجامیان هەبێت، وەک چۆن گەشبینین لە بەردەوامبوونی دانوستاندنەکان بۆ بەرجەستەکردنی ئاشتی لە یەمەن. هەڵوێستی پاڵپشتیکارانەی خۆمان بۆ خوشک و برایانمان لە لوبنان نوێ دەکەینەوە لەپێناو تێپەڕاندنی دۆخی سیاسی و ئابووریی هەنووکەییان. هاوکات پێداگری لە هەڵوێستی جێگیر و نەگۆڕی عێراق دەکەینەوە لەبارەی مافی فەلەستین لە خاک و سەروەرییەکەی لە رێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە پایتەختەکەی قودس بێت. 
 
دەمانەوێ ئەوە وەبیر هەموو جیهان بهێنینەوە کە پیرۆزییەکانمان بەشێوەیەکی دڕندانە لەوێ پێشێل دەکرێن، کە مرۆڤایەتی قبووڵیان ناکات. ئەم کۆبوونەوەیە دەقۆزینەوە بۆ دەربڕینی هەڵوێستمان لە پێشوازیکردن لە رێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران؛ ئەم هەنگاوەی عێراق لەسەرەتاوە دەستپێشخەری بۆ کردووە و خۆیشی بە قۆستنەوەی نیازپاکی هەردوولایەنەوە پاڵپشتی لێ کردووە، ئەوەش بۆ خزمەتکردنی سەقامگیری و ئاوەدانی بووە. کۆکبوونی عەرەب و دەست لەناودەستییان نابێت خوێندنەوەی ئەوەی بۆ بکرێت کە بەرەو داخران دەچن، بەپێچەوانەوە دەبێتە سەرەتای کرانەوەی زیاتر بۆ دراوسێکانی دیکە، چ لەسەر ئاستی کۆمکاری عەرەبی و چ لەسەر ئاستی وڵاتان بە تاک. 
 
لێرەوە داوا لە وڵاتانی عەرەبی دەکەم کاری زیاتر بکەن بە ئاراستەی دامەزراندنی قەوارەیەکی ئابووری کە بتوانێت لە رێگەیەوە ئابوورییەکەمان بەهێزتر بکەین و وەبەرهێنانی گەورە بۆ داهاتە جیاوازەکانمان بە باشترین شێوە بکەین. وڵاتانی دیکە لەم بوارەدا توانییان هەنگاوی گەورە بۆ پێکهێنانی هێزی ئابووری گەورە بنێن، لە کاتێکدا فاکتەرە فرە رەهەند و تەواوکارییە بەهێزەکانی ئابوورییان نەبووە، تەنانەت زمانی هاوبەشیشیان نەبووە، بەڵام توانیویانە ئەو هەنگاوە گرنگە بنێن، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەمووانە دەبێ دەست بۆ هەموو گۆشەیەکی تەواوکاریی ئابووری لەنێوان وڵاتانمان ببەین. لەسەر ئەم بنەمایەش عێراق چەندین کۆنگرەی تایبەت رێکدەخات بۆ دانانی بەردی بناخەی ئەم جۆرە هاوئاهەنگییانە، لەنێو ئەوانیشدا کۆنگرەی بەغدا-2023 بۆ تەواوکاریی ئابووری و سەقامگیریی هەرێمی. 
 
هەروەها لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بەغدای پایتەخت ئامادەکاری دەکات بۆ رێکخستنی کۆنگرەی رێگەی گەشەپێدان؛ ئەو پرۆژە گەورە چاوەڕوانکراوە کە دەبێتە رایەڵی کۆکەرەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشە کۆکەرەوەکانی گەلەکانمان. کاتێک باس لە گەشەسەندنی بەردەوام دەکەین، دەبێ پێداگری لە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و قەیرانی کەمئاوی بکەین. ئەم دۆسیەیە کە هەر دەبێ پێکەوە لەژێر رۆشنایی یاسا و ستاندەردە نێودەوڵەتییەکانەوە کاری هاوبەشی بۆ بکەین، لەپێناو دۆزینەوەی نەخشە رێگەی چارەسەرکردنی هەمیشەیی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم ئاڵنگارییە راستەقینەیە. 
 
ئامادەبووانی بەڕێز... خەڵکمان گەنجە، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی دیکەیە لە کۆی هەموو ئەو بەرپرسیارێتییانەی دەکەونە سەرشانمان. لێرەوە بەڵای ماددە هۆشبەرەکان کە کاریگەری رووخێنەری بەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و کولتووری دروست دەکات، ناچارمان دەکات زۆر بەجیدی هەڵوێستی تووند بنوێنین و پێکەوە کاربکەین و هاوئاهەنگی بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا گەورەیە. برایانتان لە عێراق قوربانی و گیانفیدایی زۆر گەورەیان بۆ مرۆڤایەتی و ناوچەکە و هەموو جیهان پێشکێش کرد لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی. ئەو سەرکەوتنە مەزنەی بەدەستمانهێناوە زیاتر هانمان دەدات بۆ ئەوەی هەنگاوی زیاتر بنێین بۆ بونیاتنانی وڵاتەکەمان و چاوەڕوانییەکانی رۆڵەکانمان لە بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی. 

 

ئامادەبووانی بەڕێز.. لێرەوە بە فەرمی بانگهێشتی فەرمیی پێشکێشی هەمووتان دەکەم بۆ ئامادەبوون لە لووتکەی عەرەبی لە ساڵی 2025 لە بەغدا؛ لانکەی ئاشتی کە چاوی لە هاتنی براکانی دەکات لە وڵاتی رافیدەیندا.