گوتەبێژی قەسام: پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو هێزانە پچڕاوە کە بارمتەکانمان پێسپاردوون

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کەتائیبی قەسامی باڵی سەربازیی حەماس رایگەیاند، پەیوەندییان لەگەڵ ئەو هێزانە پچڕاوە کە بارمتەکانیان پێسپێردراون. 
 
ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتائیبی قەسامی باڵی سەربازیی حەماس  رۆژی شەممە لە کەناڵی تەلەگرامیی خۆیەوە رایگەیاند: "پەیوەندیمان لەگەڵ ژمارەیەک لەو گرووپانە پچڕاوە  کە راسپێردراون پارێزگاری لە دیلەکانی دوژمن بکەن."
 
گوتەبێژەکەی قەسام دەشڵێت: "چارەنووسی دیل و دیلگرەکان نادیارە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە 43یەمین رۆژی جەنگدا، ئیسرائیل بەردەوامبوو لە بۆردوومانی چڕی سەر غەززە و تەنیا لە کەمپی ئاوارەکانی جەبالیا و قوتابخانەی فاخوورەی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانی لە باکووری کەرتی غەززە بۆردوومانکردن کە ئاوارەکانی تێدا بوو، حەماس دەڵێت لانیکەم 200 فەلەستینی تێیدا کوژراون. هێرشەکە بە توندی لە لایەن ژمارەیەک وڵاتی عەرەبییەوە سەرکۆنە کراو و یونیسێفیش بۆردوومانکردنی قوتباخانەکەی بە "تۆقێنەر" وەسفکرد. 
 
هاوکات دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل کوژرانی 6 سەرباز و برینداربوونی 7ی دیکەی ئیسرائیلیی راگەیاند. رۆژی هەینی، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە ژمارەی کوژراوەکانی لە دوای هێرشی زەوینی بۆ سەر غەززە، گەیشتووەتە 55 کەس. 
 
ئەبو عوبەیدە، رۆژی شەممە رایگەیاندبوو: "لە بەیانیی ئەمڕۆوە، موجاهیدەکانمان توانیان ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی بکوژن و برینداربکەن دوای ئەوەی لە رێگەی بۆمبێکەوە ئەوانیان پێکا، هەروەها 17 تانک،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە زیانیان بە 17 تانک، زرێپۆش و بارهەڵگری گواستنەوەی سەربازانی ئیسرائیلی گەیاندووە. 
 
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی کەرتی غەززەش رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە کوژراون، گەیشتووەتە 12 هەزار و 300 کەس، کە زیاتر لە پێنج هەزاریان منداڵ و سێ هەزار و 300ی دیکەشیان ژنن. هەروەها ژمارەی بریندارانیش، بە گوتەی نووسینگەکە، 30 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.