برێت مەکگۆرگ روانگەی ئەمریکا بۆ 'غەززەی دوای جەنگ' لە 10 خاڵدا دەخاتەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، واشنتن پێیوایە دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، پێویستە ئیسرائیل لە کەرتی غەززە نەمێنێتەوە، گەمارۆی لەسەر لاببات و پێویستە ناوچە فەلەستینییەکەش نەبێتەوە بە "سەرچاوەی هەڕەشە" بۆ سەر ئیسرائیل.
برێت مەکگۆرک، رۆژی شەممە، لە کۆنفرانسی ئاساییشی مەنامە لە بەحرێن باسی لەوە کرد، ئەمریکا بە پێویستی دەبینێت کە دوای جەنگەکە، ئیسرائیل "گەرەنتیی ئەمنی" هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە پڕۆسەیەکی ئاشتی هەبێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی غەززە.
مەکگۆرک گوتی، سەبارەت بە غەززە، ئەمریکا جەخت لەسەر 10 خاڵ دەکاتەوە:
- پێویستە خەڵکی غەززە بە زۆرەملێ دەربەدەر نەکرێن؛
- پێویستە غەززە دووبارە داگیرنەکرێتەوە؛
- پێویستە خاکی غەززە کەمنەکرێتەوە، ئەمە خاکی فەلەستینییە و پێویستە بە خاکی فەلەستینیش بمێنێتەوە؛
- پێویستە غەززە نەکرێتە سەکۆیەک بۆ تیرۆر یان جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی، واتە نابێت هیچ هەڕشەیەک لە غەززەەوە بۆ سەر ئیسرائیل هەبێت؛
- پێویستە هیچ گەمارۆیەک لەسەر غەززە نەبێت. پێویستە خەڵکی بێگوناهی غەززە لە حەماس جیابکرێنەوە، ئەوان لە تاوانەکانی بەرپرسیار نین؛
- خەڵکی فەلەستین و دەنگ و خواستەکانیان پێویستە لە چەقی بەڕێوەبردنی غەززەدا بن لە دوای جەنگ؛
- پێویستە کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوا بگەڕێنەوە سەر یەک ئیدارەی بەڕێوەبردن لە ژێر چەتری دەسەڵاتێکی دووبارە کاراکراوی فەلەستینیدا، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببێتە بەشێک لە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین؛
- پێویستە ئیسرائیل پارێزراو بێت. ناکرێت لە کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوا رێگە سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆرستییەکان یان هەڕشەکانی دژی ئیسرائیل بدرێت؛
- پێویستە سەرچاوەی پێویست دابینبکرێن و پێویستە لە ئێستاوە خۆمان ئامادە بکەین بۆ پشتیوانیکردن لە قۆناخی دوای جەنگ لە غەززە، لەوانەش سەرچاوەی ئەمنیی کاتی؛
- پێویستە میکانزمێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە دابنرێت بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە پێداویستییەکانی خەڵکی غەززە لە داهاتووی درێژخایەندا دابیندەکرێن.
ئاگربەستی کاتی
لە بارەی هەوڵەکانی رازیکردنی ئیسرائیل بۆ وەستاندنی شەڕ بۆ ماوەیەکی کاتی، مەکگۆرک گوتی، حەماس بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازادبکات، ئەوا جەنگەکە "بۆ ماوەیەکی کاتیی بەرچاو" دەوەستێت.
مەکگۆرک گوتی: "زیادبوونی یارمەتیی مرۆیی، زیادبوونی ناردنی سووتەمەنی و وەستاندنی شەڕ، ئەو کاتە دێنە ئاراوە کە بارمتەکان ئازادبکرێن."
برێت مەکگۆرگ پێیوایە، ئەگەر حەماس زۆر بارمتە پێکەوە ئازادبکات، ئەوا شەڕ بۆ "ماوەیەکی بەرچاو دەوەستێت و یارمەتیی مرۆییش زۆر زیاد دەبێت."
چەکدارانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمدا 240 کەسیان لە ئیسرائیل بە بارمتەگرت، دوای ئەوەی کە هێرشیانکردە سەر باشووری ئیسرائیل و نزیکەی هەزار و 200 کەسیان کوشت کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون، ئەوە وەک سوپای ئیسرائیل باسی دەکات.
لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕ و دواتیش هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد، کە تاوەکو ئێستا بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ناوچە فەلەستینییەکە، زیاتر لە 12 هەزار و 300 کەسی کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
برێت مەکگۆرک گوتی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ میری قەتەردا کردووە، کە ئەو وڵاتە عەرەبییە نێوەندگیری دەکات لە پێناو ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان.
رۆژی هەینی، کۆشکی سپی گوتی، بایدن و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی باسیان لە "پێویستیی بەپەلەی ئازادکردنی هەموو بارمتەکان" کردووە.
دوو رۆژ پێش ئەوە، بایدن گوتبووی کە "تا رادەیەک گەشبینە" لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان بگەنە رێککەوتنێک، کە دەگوترێت 10 هاووڵاتیی ئەمریکییان لەنێودایە.
تاوەکو ئێستا، بە نێوەندگیریی قەتەر، چوار بارمتە ئازادکراون.
سوپای ئیسرائیل هەفتەی رابردوو رایگەیاند، تەرمی دوو ژنە سەربازی کە بە دیل گیرابوون، لە غەززە گەڕاندوونەتەوە.
مەکگۆرک رۆژی شەممە، باسی لەوە کرد کە دۆخی کەرتی غەززە "تۆقێنەر و لەتوانابەدەرە."
ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە شەڕ بوەستێنێت، وێڕای ئەوەی کە زۆربەی کوژراوانی غەززە منداڵ و ژنن.