لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە غەززە 21 کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە ماڵێکی باکووری غەززە کە سووتەمەنی تێدا هەڵگیرابوو، لانیکەم 21 کەس گیانیان لەدەستدا کە حەوتیان منداڵن.
 
بزووتنەوەی حەماس کە کۆنترۆڵی ناوچە فەلەستینیە گەمارۆدراوەکە دەکات، دەڵێت، تیمی ئاگرکوژێنەوە زوو ئاگرەکەی لە ناوچەی جەبەلیە کۆنتڕۆڵ کردووە. شانەی بەرگریی شارستانیی غەززە لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی 21 کەسی پشتڕاستکردەوە.
 
ساڵح ئەبو لەیلا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی جەبەلییەیە و رایگەیاند، تەرمی لانیکەم حەوت منداڵ گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکە. ئەگەرچی تائێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نادیارە، بەڵام گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە گوتی، بڕێک سووتەمەنی لە ماڵەکەدا هەبووە.
 
مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین کە بارەگاکەی لە کەرتی رۆژئاوایە، ئاگرەکەی بە "کارەساتێکی نیشتمانی" ناوبرد، ئەمە بە گوێرەی گوتەبێژەکەی.
 
نەبیل ئەبو رودەینە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مەحموود عەباس رۆژی هەینی بە رۆژی ماتەمینی راگەیاند و ئاڵاکان بۆ نیوە هێندرانە خوارەوە.
 
حوسێن شێخ، بەرپرسی باڵای حکومەتی فەلەستین لە سنووری کەرتی غەززە داوای لە حکومەتی ئیسرائیل کرد دەروازەی ئێرێز بکاتەوە کە غەززە بە باشووری ئیسرائیلەوە دەبەستێتەوە و بە شێوەیەکی ئاسایی شەوانە دادەخرێت.
 
حوسێن شێخ گوتی، کارێکی لەو جۆرە رێگە بە گواستنەوەی ئەو نەخۆشانە دەدات کە برینیان سەختە بۆئەوەی ئەگەر پێویست بوو بگوازرێنەوە دەرەوەی کەرتی غەززە.
 
بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تویتێکدا رایگەیاند، ستافەکەی هاوکار دەبن لە گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل و هاوسۆزی خۆی بۆ "کارەساتەکە" غەززە دەربڕی.