بایدن رەتیدەکاتەوە ئیسرائیل لەپشت هێرشی سەر نەخۆشخانەکەی غەززەوە بێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە پشت رووداوی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب (مەعمەدانی)یەن، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 500 کەس.
رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ئیسرائیلەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "زۆر خەمبار و تووڕەی رووداوی تەقینەوەی دوێنێی نەخۆشخانەکەی غەززەم، هەروەها لەسەر ئەو بنەمایەی کە بینیومە، هێرشەکە لەلایەن تیمەکەی دیکە (گرووپە چەکدارەکانی غەززە) کراوە، کە وڵاتانی رۆژئاوا و واشنتن بە گرووپی تیرۆریستی هەژماریان دەکەن، نەوەک ئێوە (ئیسرائیل) ."
بایدن گوتیشی، "ئەو داتایانەی لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە نیشانی من دراون، ئەوە دەردەخەن حەماس ئەنجامدەری هێرشەکە بووە".
شەوی رابردوو هێرشکرایە سەر نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب لە کەرتی غەززە، لە ئەنجامدا 471 کەس کوژران.
بەشی زۆری ئەو خەڵکە لە رۆژانی رابردوودا ئاوارە ببوون و بەمەبەستی پاراستنی ژیانیان چووبوونە حەوشەی نەخۆشخانەکە. دەسەڵاتدارانی کەرتی غەززە کە گرووپە چەکدارەکانی دژی ئیسرائیلن دەڵێن 'سوپای ئیسرائیل بکەری هێرشەکە بووە.'
گرووپی جیهادی ئیسلامی کە سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بکەری هێرشە مووشەکییەکەیە دەڵێت، "زایۆنییە دوژمنەکان هەوڵی تەواو دەدەن لە رێگەی درۆ و راکێشانی پەنجەی تۆمەت بە ئاراستەی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی، بەرپرسیاریێتیی خۆیان لەو کۆمەڵکوژییە دڕندانەییە دووربخەنەوە."
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسیش لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی "کۆمەڵکوژیی نەخۆشخانەکە دڕندەیی دوژمن پیشان دەدات" و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی روویدا دەستپێکی "خاڵێکی نوێی وەرچەرخانە."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە دۆخی کەرتی غەززە دەدات و رایگەیاند، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا دۆخەکە لەدەست دەردەچێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون.
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە دەستیان پێکرد، کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند.
رۆژی چوارشەممە، 18-10-2023، تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوان لە شەڕی نێوان غەززە و ئیسرائیل گەیشتووەتە سێ هەزار و 478 کەس و زیاتر لە 12 هەزار کەسیش برینداربوون. هاوکات، بەرپرسانی ئیسرائیلیش بڵاویانکردەوە، بەهۆی تۆپباران و مووشەکەکانی حەماسەوە تاوەکو ئێستا هەزار و 403 کەس کوژراون و نزیکەی سێ هەزار و 800 کەسیش بریندارن.