سعودیه دهبێته خاوهنی ماددەی خاوی یۆرانیۆم
رووداو دیجیتاڵ
رەنگە سعودیە ببێتە خاوەنی کانزای خاوی یۆرانیۆمی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی ئەتۆمی، ئەو دۆخەش نیگەرانییەکانی لەبارەی ئەگەری بەرنامەکانی ریاز بۆ چەکی ئەتۆمی زیاتر کردووە.
رۆژنامەی گاردیان لە هەواڵێکیدا کە بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی پەیمانگەی توێژینەوەی جیۆلۆجیی یۆرانیۆمی پەکین (BRIUG) و کۆمپانیای ئەتۆمیی نیشتمانیی چین (CNNC) ئامادە کراوە، باس لەوە دەکات لە سعودیەدا هێندە یەدەکی ماددەی خاوی یۆرانیۆم هەیە کە دەتوانرێت سووتەمەنیی ئەتۆمیی ناوخۆیی پێ بەرهەم بهێنرێت.
لە توێژینەوەکەدا باس لەوە کراوە کە ئەگەری هەیە لەو یەدەکانەدا زیاد لە 90 هەزار تۆن یۆرانیۆم دەربهێنرێت و، ئەو یەدەکانەش بەسن بۆ ئەو وێستگانەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی وزە لە یۆرانیۆم کە سعوودیە دەیەوێت دروستیان بکات، تەنانەت دەشتوانرێت لێیانەوە هەناردە بکرێت.
لەو بارەیەوە مارک هیبس، لە بارنامەی سیاسەتی راسپاردەی ئاشتیی نێودەوڵەتیی کارنیگی رایگەیاند، ''ئەگەر بیر لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دەکەنەوە، ئەوا بەرنامەی ئەتۆمیتان چەندە ناوخۆیی بێت ئەوەندە باشە. لە هەندێک بارودۆخدا رەنگە دابینکەرانی بیانیی یۆرانیم داوا لە کۆتا بەکارهێنەران بکەن بەڵێن بدەن بۆ ئاشتیی بەکاربهێنرێت. لەبەر ئەوە ئەگەر یۆرانیۆمەکەتان ناوخۆیی بێت پێویست ناکات لەبارەی ئەو سنووردارکردنانەوە نیگەران بن''.
لەگەڵ ئەوەشدا بە پێويست دەزانرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابهته دووەم توێژینەوەی ورد بکرێت.
هاوکات ئەو بڕەش نیگەرانییەکانی لەبارەی ئەگەری بەرنامەکانی ریاز لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە زیاتر کردووە.
شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر سعودیە لەبری ئەوەی پشت بە دابینکەرانی بیانیی ببەستێت و لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا یۆرانیۆمی پێویست دەربهێنێت، ئەوا دەبێتە پشتیوانی بۆ شانشینی ئەو وڵاتە کە خۆی بەرنامەی دروستكردنی چەکی هەبێت.