سعودیە و تورکیا پێنج رێککەوتنیان واژۆ کرد
رووداو دیجیتاڵ
تورکیا و سعودیە پێنج رێککەوتنیان لە بوارەکانی وەبەرهێنان، پیشەسازیی بەرگری، وزە، بەرگری و پەیوەندییەکان واژۆ کرد.
رۆژی دووشەممە، 17ـی تەممووزی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی سعودیەی کرد و دوای کۆبوونەوەکانی شاندەکانی هەردوو وڵات بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان و محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، پێنج رێککەوتننامە واژۆ کران.
یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوکاری لە بواری بەرەوپێشبردنی وەبەرهێنانی راستەوخۆی نێوان کۆماری تورکیا و شانشینی سعودیە لەلایەن بوراک داغلیئۆغڵو، بەرپرسی فەرمانگەی وەبەرهێنانی سەرۆکایەتی و خالید ئەلفالیح وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە واژۆ کرا.
فەخرەدین ئاڵتون، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا و سەلمان بن یوسف ئەلدۆسەری، وەزیری راگەیاندنی سعودیە، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوکاریان لە بواری پەیوەندییەکان لە نێوان بەڕێوبەرایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا و وەزارەتی راگەیاندنی شانشینی سعودیە واژۆ کرد.
پلانی جێبەجێکردن سەبارەت بە هاوکاریی نێوان وەزارەتی بەرگری تورکیا و وەزارەتی بەرگری سعودیە، لەلایەن یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و شازادە خالید بن سەلمان ئەلسعود، وەزیری بەرگریی سعودیە واژۆ کرا.
یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری وزە لە نێوان وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا و وەزارەتی وزەی سعودیە لەلایەن ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا و شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان ئەلسعود، وەزیری وزەی سعودیە واژۆ کرا.
دوایین رێککەوتنیش، کە رێککەوتنی هاریکاری نێوان وەزارەتی بەرگریی سعودیە و کۆمپانیای بایکار بوو لەلایەن هالوک بایراکتار، بەڕێوەبەری گشتی بایکار و خالید بن حوسێن ئەلبایاری بریکاری وەزیری بەرگریی سعودیە واژۆ کرا.
بەر لە سەردانەکەی بۆ سعودیە سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و وڵاتانی کەنداو لە 1.2 ملیار دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 22 ملیار دۆلار.