سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان: لەماوەی سێ مانگدا گشتپرسی لە رۆژئاوای کوردستان بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکی بۆ ئەحمەد شەرع دەڵێت: هیوادارم لێدوانە بەسۆزەکانی شێخ ئەحمەد شەرع لەبارەی کورد راستگۆیانە بێت و هاوشێوەی لێدوانەکانی دیکەی عەرەب، تورک و فارسەکان نەبێت.
جەواد ئیبراهیم مەلا، سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان KNC، لەبارەی قسەکانی ئەم دواییەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام بۆ کورد لە سووریا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "لێدوانەکانی ئەم دواییانەی شێخ ئەبو محەممەدی جۆلانی سەبارەت بەوەی کە نەتەوەی کورد بەشێکن لە نیشتمان و هاوبەشن لە سووریای داهاتوو؛ دەرخەری خۆشەویستییەتی بۆ نەتەوەی کورد و سوپاسی دەکەین."
جەواد ئیبراهیم دەڵێت، "من هەڵگری وڵاتینامەی سووریام، ئەو وڵاتینامەیەی لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی سووریاوە ئازار و مەینەتی پێیەوە چەشت. هەروەک چۆن گەلی کورد لە سەرجەم پارچەکانی دیکە لە عێراق، ئێران و تورکیا هەمان ئازار و مەینەتییان بینیوە."
بە گوتەی سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان، "تورکیا عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان داگیرکردووە و دەیەوێت ناوچە کوردییەکانی دیکەش کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن لە رۆژئاوا داگیربکات."
جەواد ئیبراهیم باسی لەوەشکردووە، "تورکیا ئەم داگیرکارییە لە ژێر بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەکات، لەکاتێکدا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان بە هەموو مانایەک تەنیا پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییە، ئەو ناوچانەش جیاوازە لە ناوچەکانی دیکەی سووریا و تێیدا وانەی کوردی لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت."
جەواد ئیبراهیم پەیامێکی ئاراستەی تورکیا و ناتۆ کورد و دەڵێت، "ساڵانێکە تورکیا بە سوپا بەهێزەکەی خۆی کە ئەندامی ناتۆیە و بەهێزترین هاوپەیمانی سەربازییە لە جیهان؛ ئۆپەراسیۆنی سەربازی وێرانکەر دەکات بۆ رێگریی کردن لە خوێندنی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ رێزێکی زۆر بۆ تورکەکان، هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی و هێزە گەورە وشکانیی و ئاویی و ئاسمانییەکانیان، بەڵام دەبینم ئاسایشی نەتەوەیی ئەوان پووچەڵ و بێ بایەخە چونکە لەبەرامبەر گوتنەوەی وانەی کوردی ترسی لێنیشتووە."
لەبارەی دۆخی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "لە ئێران تا ئەمڕۆ رێگریی لە گوتنەوەی وانەی کوردی دەکرێت، لەکاتێکدا ئەوان بانگەشەی ئیسلامێتی ئەکەن، کە ئەو ئایینە دەڵێت؛ زمانەکان بەشێکن لە پەرجووەکانی خودا، رێگریی کردنیش لە خوێندنی زمانی کوردی هاوشێوەی راگەیاندنی جەنگە دژ بە پەرجووەکانی خودا، هەروەک چۆن تورکیا ئەو جەنگەی راگەیاندووە."
لەباسی دۆخی کورد لە سەردەمانی پێشوو و ئێستای عێراق، جەواد ئیبراهیم پێی وایە، "هەرچی سەرکردایەتیی عێراقیشە، دەیان لێدوانیان داوە و چەندین یاسایان لەپێناو مافەکانی گەلی کورد دەرکردووە."
وەکو:
1. لە ساڵی 1958 عەبدولکەریم قاسم، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق لە مادەی سێی دەستووری عێراقیدا نوسی، کورد و عەرەب هاوبەشن لە نیشتیماندا، بەڵام دوای ئەوە عەبدولکەریم قاسم بە بۆمبی ناپاڵم لە کوردی دا.
2. لە ساڵی 1974، سەدام حوسێن، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق یاسای خۆبەڕێوەبەریی بۆ کورد دەرکرد، دواتر بە چەکی کیمیایی لە کوردی دا.
3. دوای تێکشکانی دیکتاتۆریی لە عێراق، لە ساڵی 2003 و سەرەتای سیستەمی دیموکراتی و فیدڕاڵی؛ سەرجەم سەرکردەکانی عێراق بەبێ جیاوازی بە دەنگی کورد گەیشتنە سەر حوکم، بەڵام دوای ئەوەی کورد ریفراندۆمی کرد سەرکردە عێراقییەکان گەمارۆی کوردستانیان لە ئاسمانی و وشکانییەوە دا و سوپاکانیان کەرکووک، خانەقین، موسڵ و ناوچەکانی دیکەی کوردستانیان داگیرکرد.
لە کۆتاییدا سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان پەیامەکەی ئاراستەی جۆلانی دەکات و دەڵێت، "من هیوادارم لێدوانە بەسۆزەکانی شێخ ئەحمەد شەرع لەبارەی کورد راستگۆیانە بێت و هاوشێوەی لێدوانەکانی دیکەی عەرەب، تورک و فارسەکان نەبێت. دوای راگەیاندنی ئازادی سووریا لەلایەن بەڕێز ئەحمەد شەرع، داوا لە بەڕێزیان دەکەین کە لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا گشتپرسییەک لەنێو گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بکات. کە ئەوەش بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بکرێت و لێیان بپرسن کە ئاخۆ چییان دەوێت لە سووریای داهاتوو."