سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێکی لە نزیک سنووری لوبنان راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، سەربازێکی لە سنووری لوبنان کوژراوە و دوو سەربازی دیکەشی برینداربوون. گوتەبێژی سوپاکە دەڵێت، هێرشەکە لە لایەن "درۆنێکی دوژمنەوە" کراوە. 
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەییندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەربازێکی بەناوی "یهێتسکل ئەزاریا لە یەکەی پێتا تیکڤا لە چالاکییەکدا لە ناوچەی مارگالیۆت کوژرا. ئەزاریا تەمەنی 53 ساڵ بوو".
 
گوتەبێژێکی سوپاکە پشتڕاستیکردەوە دوو سەربازی دیکەش لەو هێرشەدا برینداربوون، بەڵام نازانن چ جۆرە درۆنێک هێرشی کردووەتە سەریان. 
 
سوپاکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو درۆنە لە لوبنانەوە سنووری ئیسرائیلی بەزاندووە و گوتی، "هێزی ئاسمانی بەرپەرچی درۆنێکی دوژمنی دایەوە کە لە ئاسمانی لوبنانەوە پەڕیبووەوە نێو سنووری ئیسرائیل"؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، "درۆنێکی دیکەی دوژمن کە لە لوبنانەوە هاتبوو، لە مارگالیۆت کەوتە خوارەوە. لە وەڵامی ئەوەدا، تۆپهاوێژەکانی ‌هێزی بەرگریی ئیسرائل هێرشیان کردە سەر لوبنان".
 
ئەوە حەوتەم سەربازی ئیسرائیلییە لە نزیک سنووری لوبنان بکوژرێت لەو کاتەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەستیپێکردووە. 
 
لە 8ـی تشرینی یەکەمەوە، واتە یەک رۆژ دوای ئەوەی جەنگەکە دەستیپێکرد، سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان شەڕی لەنێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە بەخۆیەوە بینیوە. 
 
رۆژی هەینی 15-12-2023 دانیشتووانی باشووری لوبنان باسیان لەوە کرد، سوپای ئیسرائیل نامیلکەی بەسەر ناوچەکەدا فڕێ داوەتە خوارەوە کە تێیدا هۆشداری بە خەڵکەکە دراوە یارمەتیی حیزبوڵڵا نەدەن. 
 
لەو کاتەوەی شەڕی سنوورەکە دەستیپێکردووە، زیاتر لە 120 کەس لە دیوی لوبنان کوژراون کە زۆربەیان چەکداری حیزبوڵڵا بوون، بەڵام سەربازێکی لوبنان و 17 کەسی سڤیلیشیان لەنێودایە. 
 
لە دیوی ئیسرائیل، چوار کەسی سڤیل و حەوت سەرباز کوژراون.