ئەمریکا و ئیسرائیل: ئێران هێرشیکردووەتە سەر کەشتییەکی گاز لە عومان

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل و ئەمریکا، ئێران بە ئەنجامدانی هێرشێکی درۆنی بۆسەر کەشتییەک تۆمەتبار دەکەن. کەشتییەکە لەلایەن ملیاردێرێکی ئیسرائیلییەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بە گوتەی بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە، لە نزیک کەناراوەکانی عومان هێرشی کراوەتەسەر و زیاتر لە 40 هەزار تۆن گازی شلی تێدا بووە.
 
رۆژی چوارشەممە 16-11-2022 کۆمپانیای دەریاوانیی ئەتڵەسیی ئیسرائیلی کە بارەگای سەرەکیی لە سەنگاپورەیە، رایگەیاند، زیرکۆنی ئەتڵەسی بە مووشەکێک لە دووریی 150 میلەوە لەنزیک کەناراوەکانی عومان کراوەتە ئامانج. هاوکات ئاماژەیان بەوەش داوە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و زیانە مادییەکانیش ئەوتۆ نەبوون.
 
شەوی سێشەممە 15-11-2022 کەشتییەک لە بەندەرێکی عومان بە درۆن کرایە ئامانج و جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش راستەوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، گومان دەکات ئێران هێرشەکەی کردبێت.
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، "دڵنیاین ئێران هێرشەکەی بە بەکارهێنانی درۆنێک ئەنجامداوە". کەشتییەکە کە بارهەڵگری گازی شلە، 42 هەزار تۆن گازی شلکراوەی هەڵگرتووە و بەرەو بۆینس ئایرێس، پایتەختی ئەرجەنتین دەڕوات.
 
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا ببێت، بە میدیای رۆژئاوای راگەیاندووە، ئامانجی ئێران لەو هێرشە تێکدانی دۆخەکە بووە بە چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی جامی جیهانی. باسیشی لەوە کردووە، ئێران بە درۆنی شاهید 136 هێرشەکەی کردووە، کە هەمان ئەو درۆنانەی بە رووسیا فرۆشتبوو بۆ بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکراینادا.
 
ئەو بەرپرسە باسی لەوەش کردووە، کەشتییەکە ئیسرائیلی نییە و تەنیا چەند پشکێکی کەشتییەکە لەلایەن ئایدان ئۆفەر، ملیاردێری ئیسرائیلییەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
 
ئەمە جاری یەکەم نییە ئیسرائیل و ئێران یەکدی بە هێرشکردنە سەر کەشتیی یەکدی تۆمەتبار دەکەن. لە 19ی تەممووزی 2021 ئیسرائیل ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی نزیک لە ئیسرائیل، بەڵام ئێران تۆمەتەکەی رەتکردەوە.