لە غەززە 18 ئەندامی یەک ماڵبات لە هێرشێکی ئیسرائیل دا کوژران

رووداو دیجیتاڵ

چەند کاژێرێکی کەم دوای ئەوەی نێوەندگیرەکان گەشبینیی خۆیان بە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس نیشاندا. ئیسرائیل بە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر کەرتی غەززە، 18 ئەندامی یەک ماڵباتی کوشت. 
 
هێرشەکە لە دەروازەی ناوچەی زەوایە، خانوویەکی لە تەنیشت کۆگەیەک کردە ئامانج کە ئاوارەکانی تێدابوو. تەرم و بریندارەکان گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لە دێربەلەح. 
 
یەکێک لەوانەی کوژراوە، ناوی سامی جەوادە و وەک کۆفرۆشێک، لە گواستنەوەی گۆشت و ماسی بۆ نێو غەززە، هاوئاهەنگیی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل دا دەکرد. خۆی، دوو هاوژینی، 11 منداڵیان و داپیرەی منداڵەکانیان لەگەڵ سێ خزمی دیکەیان، پێکەوە لە هێرشەکەدا کوژران. 
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر "پێگەیەکی تیرۆرستی"، کە گوایە لەوێوە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر ئیسرائیل. 
 
بەرپرسانی ئەمریکا، میسر و قەتەر ماوەی دوو رۆژ بوو لە دەوحە سەرقاڵی دانوستاندنی ئاگربەست بوون بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگە خوێناوییەکەی غەززە بهێنرێت، کە ماوەی 10 مانگە بەردەوامە. 
 
نێوەندگیرەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکردبوو کە رێککەوتنێک پێشنیازکراوە بۆ لێکنزیککردنەوەی ئیسرائیل و حەماس و چاوەڕێ دەکەن ئەم هەفتەیە لە قاهیرە لەسەر جێبەجێکردنی کۆببنەوە. 
 
جەنگەکە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 40 هەزار و 74 کەس لە کەرتی غەززە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن. هەروەها کارمەندانی تەندروستیی کەرتەکە هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئیفلیجبوونی منداڵان دەدەن. 
 
ئامانجێکی دیکەی نێوەندگیرانی قەتەری، میسری و ئەمریکی هێورکردنەوەی دۆخی هەرێمییە لە کاتێکدا ئێران و حیزبوڵڵا هەڕەشەی هێرشكردنە سەر ئیسرائیل دەکەن بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و فوئاد شوکر، فەرماندەی باڵای سەربازیی حیزبوڵڵا بکەنەوە.