زیاتر لە شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفرین تێدەپەڕێت؛ 'هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا دراوە'
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا تێدەپەڕێت. لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا، بەپێی راپۆرتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش، "بەدەیان پێشێلکاری بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ و هەوڵی دەرکردنی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیا لەو شارە دراوە."
سینەم محەممەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن بە رووداوی راگەیاند، "هەندێک سزای ئەو گرووپانە دراون کە بەرپرسن لە پێشێلکارییەکان، بەڵام سزاکان نەبوونەتە هۆکاری وەستاندنی پێشێلکارییەکان، بۆیەش داوامانکردووە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بچن بەچاوی خۆیان پێشێلکارییەکان ببینن و تۆماریان بکەن و هەنگاوی دیکە بنرێت بۆ وەستاندنی پێشێلکارییەکان لە عەفرین."
نوێنەرەکەی مەسەدە لە واشنتن ئاماژەی بەوەش کرد، کە ''لە ساڵی 2018ـەوە عەفرین داگیرکراوە، تاوەکو ئێستا پێشلکارییەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ، دژ بە کورد نەوەستاوە، هەم لە رووی تووندوتیژی دژ بە ژنان، کوشتنی مرۆڤەکان و لە رووی وێرانکردنی ماڵ و موڵک و زەوییەکانیان، هەموو ئەو شتانە بەردەوامن، شتێکی دیکەش هەیە، ئەویش گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرینە کە کاری لەسەر دەکەن، پێشتر 97% ماڵباتەکانی عەفرین کورد بوون، ئێستا 20% کوردی لێماوە، ئەمەش زۆر مەترسیدارە لەسەر گەلی عەفرین، ئێمە زۆر نیگەرانین لەو رووداوانە و چەندین دۆکیومێنتمان ئامادەکردووە لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی لە عەفرین دەکرێن.''
تاوەکو ئێستا چەندین راپۆرت سەبارەت بە پرسی پێشێلکارییەکان لە عەفرین بڵاوکراونەتەوە، کە نوێترینیان راپۆرتی سەنتەری کوردی یاسا و سەنتەری ئاگربەستە کە رۆژی سێشەممە (14-05-2024) بڵاوکراوەتەوە و پێشکێشی نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە، لە راپۆرتەکە باس لە زیادبوونی "پێشلکارییەکان بەرامبەر بە کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیا و بڕینەوەی دار زەیتوونەکان" لە عەفرین دەکات.
لەسەر ئەم پێشێلکاریانە و هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی عەفرین، رووداو پرسیاری ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: ''ئێمە باوەڕمان وایە دەبێت مافی هەموو خەڵکی سووریا رێزلێگیراو بێت، ئێمە هانی رێزگرتنی بەردەوام لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەدەین کە پارێزبەندی یاسایی بۆ پێکهاتە و کۆمەڵگە لاوازەکان دەکەن. هاوکات، ئێمە هانی هەموو لایەنەکان دەدەین بە جۆرێک رەفتار بکەن کە هەلومەرجی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەرەو پێشەوەببەن و رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن، ئێمەش بەردەوام دەبین لە تیشک خستنەسەر ئەو پێشلکاریانەی مافی مرۆڤ و بێڕزییەکان لە سووریا، هاوکات، دەمانەوێت کار لەسەر ئەوەش بکەین کە ئەو گرووپانە رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکرێنەوە کە بەرپرسن.''
دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن پرسیاری لە ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد کە تاوەکو ئێستا لەسەر ئەم پرسە قسەیان لەگەڵ تورکیا کردووە؟ لە وەڵامدا گوتی، "تورکیا هاوپەیمانیی ناتۆی ئێمەیە و لەسەر چەندین پرس بەردەوام گفتوگۆمان هەیە، بەڵام ناچمە نێو وردەکارییەکانەوە." باسی ئەوەشی نەکرد کە لەسەر ئەم پرسە قسەیان لەگەڵ تورکیا کردووە یان نا.