پەرلەمانی تورکیا بڕیار لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا دەدات

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی تورکیا ئەم هەفتەیە پێشنیازی تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەودیو سنوور تاوتوێ دەکات.
 
لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندا کە رۆژی سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) دەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت یاداشتی سەرۆکایەتیی کۆمار سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوە و مۆڵەتی ناردنی هێز بۆ عێراق و سووریا بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە تاوتوێ بکرێت.
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی رایگەیاند، دەنگ بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سەربازانی سوپای تورکیا لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا نادەن. 
 
لە بەرامبەردا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بە تووندی رەخنەی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو گرت و گوتی دەنگ بە پێشنیازەکە دەدەن.
 
نزیکەی 4 دەیەیە سوپای تورکیا شەڕی گەریلاکانی پەکەکە دەکات و بەشێکی ئەو شەڕەی لەنێو باشووری کوردستاندایە و چەندین بنکەیشی بۆ ئەو مەبەستە داناوە. 
 
تورکیا شەڕی هەسەدەش لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە یەپەگەی هێزی سەرەکی نێو هەسەدە، نزیکە لە پەکەکەیە. 
 
سوپای تورکیا لە ساڵانی 2018 و 2019ـدا هێرشیکردە سەر سنووری عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی و کۆنترۆڵکرد. ئێستاش زۆرجار ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بۆردوومان دەکات. 
 
جگە لەوە، سوپای تورکیا لە سنووری ئیدلب و ناوچەکانی جەرابلووس و باب و ئەعزازیش لە سووریا هەیە.