ئەمریکا، قەتەر و میسر: هەفتەی داهاتوو گفتوگۆی ئاگربەستی غەززە دەستپێدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمریکا، میسر و قەتەر لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، هەفتەی داهاتوو لە قاهیرە گفتوگۆی ئاگربەستی غەززە بەردەوام دەبێت، دوای ئەوەی ئەمریکا لە دەوحە "پێشنیازێکی لێکنزیککەرەوە"ی پێشکێش بە حەماس و ئیسرائیل کرد بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە تەواو بکرێت.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، لە دوو رۆژی رابردوودا لە دەوحە گفتوگۆی "جیدی و بونیادنەر"یان کردووە. 
 
ویلیەم بێرنز، بەڕێوەبەری CIA لەو گفتوگۆیانەدا نوێنەرایەتیی واشنتن دەکات و پێشنیازی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە خستووەتەڕوو. 
 
سێ وڵاتە نێوەندگیرەکە دەڵێن، "ئەم پێشنیازە تەواوکەری ئەو بوارانەیە کە بە لە رۆژانی رابردوودا گفتوگۆیان لەسەر کراوە و کەلێنە بەجێماوەکان پڕدەکاتەوە، بە شێوەیەک کە رێگە بە جێبەجێکردنی خێرای رێککەوتنەکە دەدات". 
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "بەرپرسانی حکومەتەکانمان کۆتایی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆدەبنەوە، ئەوەش بە ئامانجی تەواوکردنی رێککەوتنەکە لەسەر بنچینەی ئەو مەرجانەی ئەمڕۆ خرانەڕوو."
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن، تاوەکو  گفتوگۆکانی قاهیرە دەستپێدەکەنەوە، تیمە تەکنیکییەکان کار لەسەر وردەکاری گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی و چۆنیەتیی ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن.  
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا لەگەڵ سەرکردەکانی قەتەر و میسر داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی کرد. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا، بایدن، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆککۆماری میسر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر رایانگەیاندبوو کە، "چیدیکە کات بەدەستەوە نەماوە تاوەکو بەفیڕۆبدرێت. کاتی ئەوەیە بارمتە و بەندکراوان ئازادبکرێن، ئاگربەست دەستپێبکات و ئەم رێککەوتنە جێبەجێبکرێت."
 
راگەیێندراوەکەی رۆژی هەینی دەڵێت، " ئێستا رێگەی بەرەو ئەو ئامانجە دانراوە، ئەوەش بۆ رزگارکردنی ژیانی خەڵک، گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکی غەززە و کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان".