کەسوکاری ئەنفالکراوان داوای گەڕاندنەوەی رووفاتەکان و قەرەبووکردنەوە لە حکومەتی عێراق دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بە نیگەرانی و دڵتەنگییەوە چوونە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، ئەو پایتەختەی 36 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری ئەنفالکردن و کوشتنی کەسوکاریانی لێ دەرچوو.
کەسوکاری ئەنفالکراوان تووڕە و نیگەرانن، هەمان ئەو داخوازی و داواکارییانەیان هەیە کە ساڵانێکی دوور و درێژە هەر دەیکەن و دەیڵێنەوە، بەڵام کەس گوێیان لێ ناگرێت و تاوەکو ئێستا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە.
حەسەن عەلی فەرەج، تاقانەی ئەنفال بە رووداوی گوت، "ئەنفالی بێ گۆڕ، لاشەی بێ کفن بێ ناز کەوتوونە لە خاکی دووژمن، نە تەڵقین کران نە شۆردران، زۆر چاوەڕوان بووین نەگەڕانەوە، ئەنفال لە قورئان سوەرتی هەشتەمە و یاسای نەحەقی زاڵم سەردەمە، بۆیە داوا دەکەم کە ئەم حکومەتی عێراقە میراتگری زاڵمەکانی سەردەمی پێشووە، کاری جیدی بکات و ئاوڕ لە کەسوکاری ئەنفال بداتەوە، ئەگەر ئاوڕمان لێ نەداتەوە و مووچەی کەسوکاری ئەنفال نەدات و سزای سیاسیمان بدات، من پێیان دەڵێم هیچیان کەمتر نییە لە دەسەڵاتدارانی پێشوو، ئەوان سیاسەتی قەتڵوعامیان دەکرد بۆ لەنێوبردنمان، ئەمانیش برسیمان دەکەن".
هەرچەندە بەڵێنەکانی دەسەڵاتدانی عێراق بە زارەکی زۆرن، بەڵام ئەوەی هەبووە هەر مەرەکەبی سەر کاخەز بوونە. وەزیرە رۆستەم، کەسوکاری ئەنفالکراو دەڵێت، "داواکاریمان ئەوەیە ئێسک و پرووسکەکانمان بۆ بگەڕێننەوە، لەوە زیاتر هیچی دیکەمان ناوێت، هەر ئەوان بگەڕێننەوە بۆ خاکی خۆمان هیچی دیکەمان ناوێت، خوا حەقیانی وەرگرتووە ئینشاڵا".
پاش زیاتر لە 20 ساڵ لە نەمانی بەعس، هێشتا نە تەواوی رووفاتی ئەنفالکراوان گەڕێندراونەتەوە خاکی کوردستان نە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوانیش کراوەتەوە.
جومعە خورشید، کەسوکاری ئەنفالکراو باس لەوە دەکات، "بەداخەوە ئەم حکومەتە شوێنگرەوەی ئەوانی پێشووە و بە فەرمیش تا ئێستا داوای لێبووردنی لە میلـلەتەکەی ئێمە نەکردووە، ئەگەر خۆی بە حکومەتی عێراقی دەزانێت و راست دەکات، با بێتە سەر خەت و داوای لێبووردن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات، ئینجا قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکاتەوە، پاشان رووفاتەکانمان بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام نەخێر بەداخەوە ئەم حکومەتەش بەنیازە رێچکەکەی ئەوەی پێشوو بڕوات".
کامەران کامیل، تاقانەی ئەنفال گوتی، "ئەوە بۆ 36 ساڵە کەسوکارەکانمان لە بیابانەکانن، داواکارین بۆمان بهێننەوە ئێمە دڵمان خۆشبوو کە رژێمی سەدام نەمێنێ کەسوکارەکانمان بە زیندوویی ببینینەوە، بەڵام ئێستا بە مردوویش نامان دەنەوە، داواشمان ئەوەیە بکەرانی ئەنفال کە دەستیان هەبووە لە ئەنفال و چاوساخییان کردووە، بدرێنە دادگە".
لە 182 هەزار ئەنفالکراو، تاوەکو ئێستا توانراوە تەنیا نزیکەی چوار هەزار رووفاتی ئەنفالکراوان بگەڕێندرێتەوە کوردستان، هێشتا دەیان گۆڕی بە کۆمەڵی دیکە لە بیابانەکاندا ماون و هەر جارەو بە بیانوویەک دەسەڵاتدارانی عێراق هەڵدانەوەیان دوادەخەن.