لە دەریای ئیجە 180 کۆچبەر دەستبەسەر کران
رووداو دیجیتاڵ
لە دەریای ئیجە لە سنوورە ئاوییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە سێ بەلەمی جیاوازدا 180 کۆچبەر دەستبەسەر کران کە دەیانویست بچنە ئەوروپا.
ئەمڕۆ هەینی، 16ـی شوباتی 2024 لە دەریای ئیجە لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی چەشمەی سەر بە پارێزگای ئیزمیری تورکیا 78 کۆچبەر لە نێو بەلەمێکدا دەستبەسەرکران کە 17ـیان منداڵن. هەروەها لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی دیکیلی لە هەمان پارێزگا 51 کۆچبەر لە نێو بەلەمێكی دیکەدا دەستبەسەرکران، کە 17ـیان منداڵن. لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی کارابورون ـیش لە نێو بەلەمێکی دیکەدا 51 کۆچبەر دەستبەسەرکران کە 32ـیان منداڵن و دەیانویست لە رێگەی دەریاوە بچنە ئەوروپا.
ئەو 180 کۆچبەرەی دەستبەسەرکراون دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی رادەستی فەرمانگەی کۆچی ئیزمیر کران.
لەم دواییانەدا لە تورکیا گوشارەکان بۆ سەر کۆچبەران زیادیکردووە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کۆنترۆڵیان لە شارەکانی هاوسنووری یۆنان و لە دەریای ئیجە زیاتر کردووە.