وادەی هێرشی زەمینیی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە نزیکدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی لە سنووری باشووری ئیسرائیل کرد و لە ئامادەییانی پرسی، لە کاتێکدا وادەی هێرشی زەوینیی چاوەڕوانکراویان بۆسەر غەززە نزیک دەبێتەوە.
 
سوپای ئیسرائیل داوای لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دانیشتووی باکووری کەرتی غەززە کردبوو پێش کاژێر چواری ئێوارەی رۆژی شەممە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و دوو رێگەی بۆ دیاریکردبوون تاوەکو بڕۆن بۆ باشووری کەرتەکە، بەڵام خەڵکی سڤیل لەسەر ئەو دوو رێگەیەش سەلامەت نەبوون.
 
بەرپرسانی غەززە رایانگەیاند، کاروانێکی خەڵکی سڤیل لە کاتی رۆیشتنیان بەرەو باشووری غەززە، لەسەر یەکێک لەو رێگەیانە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراوە، کە بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، 12 کەسی تێدا کوژراوە، لەوانەش ژن و منداڵ. وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل تۆمەتەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.
 
زۆرینەی ئەوانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس و ئیسرائیل کوژراون، خەڵکی سڤیلن. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە وەکو هەوڵێکی دیپلۆماسی بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕەکە سەردانی شەش وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد، لە سعودیە داوایکرد خەڵکی سڤیل نەکرێنە ئامانج.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "لە کاتێکدا ئیسرائیل مافی رەوای بەرگریکردن لە خەڵکەکەی جێبەجێ دەکات و هەوڵدەدات ئەوە هەرگیز روونەداتەوە، زۆر گرنگە کە هەموومان چاومان لە خەڵکی سڤیل بێت، هەر لەو پێناوەشدا ئێمە پێکەوە کار دەکەین، بە دیاریکراوی بۆ دروستکردنی ناوچەی سەلامەت لە غەززە و کردنەوەی رێڕەوێک بۆئەوەی یارمەتیی مرۆیی بگاتە ئەو خەڵکەی کە پێویستی پێیەتی."
 
تۆپ و مووشەکەکانی حەماسیش بۆسەر ئیسرائیل نەوەستاون.  ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس داوای لە خەڵکی غەززە کرد ماڵەکانیان چۆڵ نەکەن.
 
سوپای ئیسرائیل چەکدارانی حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە رێگری لە چوونەدەرەوەی خەڵکی غەززە دەکەن. راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیلیش، دوای ئەوەی دانی بەوەدا نا هەواڵگریی وڵاتەکەی سەرکەوتوو نەبووە لە هەستپێکردنی هێرشەکەی حەماس، گوتی، هیچ دانوستاندنێکیان لەگەڵ حەماسدا نییە و شەڕ بەردەوام دەبێت.
 
تساحی هانگبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئامانجمان ئەوەیە دۆخێک دروستبکەین کە چیدیکە حەماس جموجووڵی وای نەبێت بتوانێت لە کەرتی غەززەوە هەڕەشەمان لێبکات."