تەندروستیی غەززە: ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 11 هەزار و 240 کەس
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین - غەززە، نوێترین ئاماری قوربانییانی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، تائێستا 11 هەزار و 240 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها زیاتر لە 28 هەزار کەسیش بریندارن.
رۆژی دووشەممە، 13-11-2023، وەزارەتی تەندروستیی غەززە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند تاوەکو ئێستا لە کەرتی غەززە 11 هەزار و 240 کەس گیانیان لەدەستداوە، 28 هەزار و 200 کەس بریندارن و سێ هەزار و 250 کەسیش بێسەروشوێنن.
بە گوێرەی ئامارەکەی تەندروستیی غەززە، لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، چوار هەزار و 630یان منداڵن، سێ هەزار و 130 ژن و670 بەساڵاچووانن. هەروەها 700 منداڵیش بێسەروشوێنن.
نەبوونی سووتەمەنی و کارەباش هێندەی دیکە بووەتە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکان، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە لە 24 کاژێری رابردوودا، 6 منداڵ و 9 نەخۆشی گەورە لە نەخۆشخانەی شیفا بەهۆی تەواوبوونی سووتەمەنی و لەکارکەوتنی بەشەکانی خزمەتگوزاری گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی دوایین ئاماری تەندروستیی فەلەستین، لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلەوە لە کۆی 35 نەخۆشخانە 10 نەخۆشخانە لە کارکەوتوون، هەروەها لە کۆی 18 ئەمبولانسی مانگی سووری فەلەستین تەنیا 7 ئەمبولانس کاردەکەن.
زیاتر لە مانگێکە جەنگی نێوان گرووپە چەکارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەی کەرتی غەززەش چوونە نێو جەنگەکەوە.