خەسووی سەرۆکوەزیرانی سکۆتلاند لە غەززە گیریخواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکات
رووداو دیجیتاڵ
خەسووی حەمزە یوسف، سەرۆکوەزیرانی سکتۆلاند لە کەرتی غەززە گیریخواردووە و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوا لە جیهان دەکات یارمەتیی فەلەستین بدەن لە کاتێکدا "لە ژێر ئاگر و ئاسنی ئیسرائیلدایە".
ئیلیزابێس نەکلە و ماجدی هاژینی، هەفتەی رابردوو لە شاری دوندیی سکۆتلاندەوە سەردانی کەرتی غەززەیان کرد. ئەوان بۆ سەردانی باوکە 92 ساڵانەکەی ماجد چووبوون.
لە دوای هێرشەکەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل، خێزانەکە لە کەرتی غەززە گیریانخواردووە و ناتوانن دەربچن. لە ڤیدیۆیێکی 40 چرکەییدا کە بۆ کەناڵی بی بی سیی بەریتانیی ناردووە، ئیلیزابێس دەڵێت: "ئێستا من لەگەڵ خێزانی هاوژینەکەم، خێزانەکەم و نەوەکانم لە دێرولبەلحم."
خانمەکە بە قورگی پڕ لە گریانەوە دەڵێت: "کارەبامان نییە، ئاومان نییە. ئەو خواردنەشی کە هەمانە، کەمە و زۆر نامێنێتەوە، چونکە کارەبا نییە و خواردنەکە تێکدەچێت. چوار نەوەم هەیە لەم ماڵەدا، یەکێکیان منداڵێکی تەمەن دوو مانگە، یەکێکیان چوار ساڵان و دووی نۆ ساڵان، کە ئەمڕۆ رۆژی لەدایکبوونیانە. داوا لە جیهان دەکەم هاوکاریی فەلەستینییەکان بکەن."
نادیە نەکلە، هاوژینی سەرۆکوەزیرانی سکۆتلاند بە بی بی سیی راگەیاند، لە رۆژی دووشەممەوە خەوی لێنەکەوتووە و "هەموو گیانی دەلەرزێت."
لەبارەی دایک و باوکییەوە، بە میدیا بەریتانییەکەی گوت: "ئەوان تۆقیون، زۆر ترساون لەوەی چی دەبێت و لەم کاتەدا چی روودەدات."
تاوەکو ئێستا سەرووی هەزار و 400 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 6 هەزار و 200ی دیکەش برینداربوون. غەززە ماوەی 16 ساڵە لە ژێر گەمارۆی تووندی ئیسرائیلدایە.
بەرپرسانی ئیسرائیل لە دوای هێرشەکەی حەماسەوە، ئاو، کارەبا و خۆراکیشیان لەسەر کەرتەکە گرتنەوە بۆ ئەوەی حەماسی فەرمانڕەوای کەرتەکە ناچاربکەن 150 دیلی ئیسرائیلی ئازاد بکەن.
گەمارۆیەکە کە بە رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و میسر چەسپێنراوە، رێگری لە دەرچوونی خەڵک لە کەرتەکە دەکات و کۆتوبەندی تووندیشی خستووەتە سەر هاوردە، بە تایبەتی کەرەستەی ئەلیکترۆنی.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی ئەم شەڕە بەردەوامەوە، لە کۆی سەرووی دوو ملیۆن دانیشتووی غەززە کە نیوەیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵیدایە، لانیکەم 200 هەزاریان ئاوارەبوون. زۆربەیان چوونەتە نێو قوتابخانەکانی ئاژانسی ئۆنروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، حەماس لانیکەم هەزار و 300 ئیسرائیلیی کوشتووە.
حەمزە یوسف لە نامەیەکیدا بۆ جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رۆژی سێشەممە، داوایکرد کە رێڕەوێکی مرۆیی دروستبکرێت بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت لە غەززەوە بڕوات بۆ میسر. میسر تاوەکو ئێستا ئەو داواکارییەی پەسەند نەکردووە.