پەرلەمانی ئیسرائیل کۆتایی بە دەسەڵاتی 12 ساڵەی نەتەنیاهوو دێنێت؟

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی حوزەیرانی 2021، پەرلەمانی ئیسرائیل ئامادەكاریی دەكات بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە مێژووی سیاسیدا لە رێگەی دەنگدان بۆ حكومەتێكی هاوپەیمانیی لە بەرەی راستڕەوەكان، كە بەهۆیەوە دەسەڵات و فەرمانڕەوایی 12 ساڵی بنیامین نەتانیاهوو بۆ هەمیشە كۆتایی پێدەهێنێت.
 
دانیشتنە تایبەتەكەی پەرلەمانی ئیسرائیل "كنێست" لە كاژێر 16:00 بەڕێوەدەچێت بۆ دەنگدان بە "هاوپەیمانی گۆڕان" كە هەشت پارتی سیاسیی خاوەن ئایدیۆلۆژیای جیاواز لەخۆدەگرێت و متمانە بەدەستدەهێنێت دوای بنبەستێكی سیاسیی كە دوو ساڵی خایاند و چوار هەڵبژاردنی بۆ كرا سەرباری ئەمەش پرسەكە یەكلایی نەكرابووەوە.
 
ئەندازیاری هاوپەیمانێتییەكە، یائیر لاپید، سەرۆكی پارتی یێش عاتید "داهاتوو هەیە" بوو، كە لە دوا ساتەكانیدا هاوپەیمانێتییەكی لەگەڵ حەوت پارتی سیاسی پێكهێنا. دوو لە پارتە سیاسییەكان چەپڕەو، یەكێکیان نەریتخواز و سێ پارتی دیكەشیان راستڕەو بوون، لەنێویشیاندا پارتی "یەمینیا"ی نەتەوەپەرستی ئاینی و پارتێكی عەرەبی، كە بزووتنەوەی ئیسلامیی باشوورە. 
 
لە ئەگەری پێدانی متمانە بەم هاوپەیمانێتییە نوێیەدا، نیفتالی بینیت لە پارتی "یەمینیا" بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێتە سەرۆكی حكومەت. دواتر لە ساڵی 2023دا بەپێی رێككەوتنێكی نێوانین یائیر لاپید، سەرۆكی نەریتخوازان، پۆستی سەرۆكوەزیرانی وەردەگرێت.
 
رۆژی هەینی رابردوو، هەردوو پارتی "یەمینا" و "یێش عاتید" بۆ پێكهێنانی حكومەتی یەكێتیی نیشتمانیی، رێككەوتن. نیفتالی بینیت لەمبارەیەوە رایگەیاند، سەرباری بوونی ئاڵنگاری گەورە، بەڵام ئەم رێككەوتنە كۆتایی بە قەیرانە دوو ساڵ و نیوییەكەی وڵات دەهێنێت. 
 
سەرۆكی نەریتخوازانیش رایگەیاند "حكومەتی نوێ كار دەكات بۆ تەواوی جەماوەری ئیسرائیل، لە دیندار و سكۆلاریزم و پەڕگیر و عەرەبەكان بەبێ جیاوازی. ئەوان وەك یەك گیان كاردەكەن و پێموایە سەركەوتوو دەبین. جەماوەری ئیسرائیل شایەنی حكومەتێكی كارا و بەهێزن، كە هەست بە بەرپرسیارێتیی بكات و بەرژەوەندیی دەوڵەت بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانییەوە. ئەم حكومەتە پابەندی هەموو ئەركەكانی دەبێت بەرامبەر بە گەلی ئیسرائیل". 
 
لە ئەگەری پێدانی متمانە بەم حكومەتە و دوای دەنگدانی كنێست، بڕیاروایە رۆژی دووشەممە لە رێوڕەسمێكی فەرمیدا ئاڵوگۆڕی پۆست لە نووسینگەی تایبەتی سەرۆكوەزیران بكرێت.
 
ئێوارەی دوێنێ شەممە، نەتانیاهووی تەمەن 71 ساڵ، بووە ئامانجی خۆپیشاندەران. رۆژێك بەر لە پێدانی متمانە بە حكومەتە تازەكە و كۆبوونەوەی كنێست، خۆپیشاندەران لە بەردەم بارەگای فەرمیی نەتانیاهوو لە قودس گردبوونەوە و لە دژی ئەو، دروشمی بڕوخێ "شا بیبی" كە نازناوی نەتانیاهوو-یە بەرزكردەوە.
 
ئۆفێر رۆبنسكی یەكێكە لە خۆپیشاندەران رایگەیاند، نەتانیاهوو جگە لە پارچەپارچەكردنمان هیچ دەستكەوتێكی نەبووە. كۆمەڵگەی بەسەر چەند بەرەیەكدا دابەشكردووە، بەڵام ئیدی حكومەتێكی نوێ دێتەكایەوە. حكومەتێكی یەكگرتوو بە راست و چەپ و جوو و عەرەب. 
 
غالی یەسرائیل تال، ئەویش خۆپیشاندەرێكی دیكەیە رایگەیاند: "ئەمە كارێكی زۆر باشە، ئیدی دەڕوا و هەرگیز ناگەڕێتەوە" لە ئاماژەیەكیدا بۆ نەتانیاهوو.
 
دەستاودەستكردنێكی ئاشتییانە
 
بەشێك لە خۆپیشاندەرە هەڵچووەكان كە لایەنگری نەتانیاهوون، لەبەردەم ماڵی ژمارەیەك پەرلەمانتاری پارتی یەمینا كرد و پەرلەمانتارەكانیان بە "ناپاك" ناساند ئەمەش دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئەم وڵاتە "شاباك" ناچاركرد بە زیادكردنی ژمارەی پاسەوانان بۆ چەند پەرلەمانتارێك. 
 
هەروەها نەتانیاهوو كە بە گەندەڵی تۆمەتبارە، رەنگە زیندانی بكرێت بەهۆی نانەوەی كێشەی سیاسیی دوای ئەوەی حكومەتە نوێیەكەی بە "چەپڕەوی مەترسیدار" تۆمەتبار كرد. هاوكات بینیت، داوا لە مامۆستای پێشووی "نەتانیاهوو" كرد بەبێ نانەوەی كێشە دەستبەرداری پۆستەكەی بێت بۆ ئەوەی ئیسرائیلییەكان، دەستكەوتەكانی بۆ دەوڵەتی عیبری بە باشی لە مێژوودا بیخوێننەوە. بەڵام لێدوانەكانی ئەمدواییەی نەتانیاهوو، هاوشێوەی هەمان رەفتاری دۆناڵد ترەمپ بوو، كاتێك لایەنگرانی هاندا بۆ هێرشكردنە سەر باڵەخانەی كۆنگرێس "كاپیتۆل" پێش دەستاودەستكردنی دەسەڵاتەكەی بۆ جۆبایدن. 
 
هەروەها نەتانیاهوو هەڵبژاردنەكەی بە "گەورەترین هەڵبژاردنی ساختەكراو لە ئیسرائیل" ناساند و بینیتی بەوە تۆمەتبار كرد كە "ئاگر لە وڵات بەردەدات" و جەختی لەوەشكردەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان "رەنگدانەوەی ئیرادەی دەنگدەران"ی ئیسرائیل نییە. 
 
بەڵام، پارتەكەی نەتانیاهوو "لیكۆد" بەڵێنی "دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات" دا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵی پڕ لە قەیرانی سیاسیی كە دەرەنجام لیكۆد شكستی هێنا لە پێكهێنانی حكومەتی سازانی نیشتمانی. لیكۆد باسی لەوەشكردبوو، تۆمەتەكانی نەتانیاهوو پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەكانەوە نییە، هێندە پەیوەندیی بە هاوپەیمانیكردنی بینیتە لەگەڵ پارتەكانی نەریتخواز و بزووتنەوەی ئیسلامی.
 
بن كاسبیت رۆژنامەڤان و شارەزا لە سیاسەتی ناوخۆ لە گوتارێكیدا نووسیبوویەتی: "ئەگەرەكانی مانەوەی ئەم ئاوێتەیی و تێكەڵییە سیاسییە لە كێڵگەی مینی سیاسیی لە ئیسرائیل وەك نەبوو وایە". هەروەها زیاتر نوسیوویەتی "هەڕەشەكانی نەتانیاهوو تاوەکو ماوەیەكی زۆریش لەگۆڕەپانی سیاسیدا بەردەوام دەبێت، بەهۆی ئەوەی ژینگەیەكی بۆماوەیی جێهێشتووە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ ئیسرائیل".
 
خاكی سووتاو
 
لەگەڵ دەستبەکاربوونی حكومەتی نوێ،  دوور نییە كێشە و قەیران و گرژی و ئاڵۆزییەکانیش بەردەوام بن. بۆ نموونە دەمەقاڵێ و ناكۆكییەكانی راستڕەوە پەڕگیرەكان لە گەڕەكە عەرەبییەكانی قودس- ئۆرشەلیم، كە نزیكە دوو مانگە بەردەوامە.
 
دوای تۆزێك هێوربوونەوەی خۆپیشاندانەكان لە 10ی ئایاری ئەمساڵ و رۆژی پێنجشەممەی رابردووش، نەتانیاهوو لە دوا ساتەكاندا هەوڵی دووبارە رێكخستنەوەی خۆپیشاندانەكان و وروژاندنی كێشەكانی دا وەك بڵێی هەڕەشەیەكی گشتگیر بكات و سیاسەتی "خاكی سووتاو" بگرێتەبەر. دوایین جار، بەهاندانی جووە پەڕگیرەكانەوە کرا، كاتێك ویستیان بەهێز، فەلەستینییەكانی گەڕەكی شێخ جەراح دەربكەن، كە دواتر شەڕێكی خوێناوی قورسی 11 رۆژی لەگەڵ حەماس لێكەوتەوە، لە ئەنجامدا 260 فەلەستینی بوونە قوربانی. لەنێو قوربانییەكاندا 66 منداڵ هەبوون و زیانێكی زۆر گەورەش بە كەرتی غەززە گەیشت.
 
 لە ئیسرائیلیش 13 جوو كوژران لەنێویاندا منداڵێك و كچێك و سەربازێك، كە دواتر بەنێوەندگیری میسری كۆتاییهات، بەڵام ئاڵنگارییەكە هەر بەردەوامە و كۆتایی نەهاتووە. ئەمەش شەپۆڵێكی ناڕەزایی ناوخۆیی لە دژی نەتانیاهوو دروستكرد بەتایبەتی لەنێو ریزەكانی لیكۆد.