ئیسرائیل: مووشەکێک لە یەمەنەوە بە ئاراستەی ئیسرائیل هاوێژرا

دیمەنێکی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل (گومەزی ئاسنین) لەکاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، مووشەکێک لە یەمەنەوە بۆ ئیسرائیل هاوێژرا و لە چەندین ناوچەی وڵاتەکە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا.
 
رۆژی یەکشەممە 13-04-2025 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لەدوای ئەو زەنگانەی لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل لێدران، دوای پێداچوونەوە دەرکەوت، مووشەکێک لە یەمەنەوە هاوێژرابوو."
 
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند، "هەوڵدرا مووشەکەکە تێکبشکێنرێت و وا پێدەچێت کە لە خستنە خوارەوەی سەرکەوتوو بووبین."
 
لە راگەیێنراوێکی دیکەدا سوپای ئیسرائیل بە زمانی عیبری بڵاویکردەوە: "وا پێدەچێت دوو مووشەک هاوێژرابن."
 
پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، لە تەلئەڤیڤیش زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا.
 
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکردووە، حووسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانییان دەکات، ناوە ناوە بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتەسەر ئیسرائیل.
 
حووسییەکان کە کەشتییەکانی دەریای سووریش بە ئامانج دەگرن دەڵێن، ئەوان هاوسۆزی فەلەستینییەکانی غەززەن.
 
تاوەکو ئێستا بزووتنەوە یەمەنییەکە بە فەرمی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.