حەماس وەڵامی خۆی بۆ پێشنیازی ئاگربەست بە نێوەندگیرەکان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، وەڵامی خۆی بۆ پێشنیازی ئاگربەست گەیاندووەتە نێوەندگیرە میسری و قەتەرییەکان.
حەماس هەروەها جەخت لە سووربوونی خۆی لەسەر داواکارییەکانی دەکاتەوە، کە پێکدێن لە وەستاندنی هەمیشەیی جەنگ، کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە، گەڕانەوەی ئاوەرەکان بۆ ماڵەکانیان و زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.
بزووتنەوە فەلەستینییەکە هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ "رێککەوتنێکی جیدی و راستەقینەی ئاڵۆگڕکردنی دیلەکان لە نێوان هەردوو لادا" نیشاندا.
ئەو پێشنیازەی کە رۆژی دووشەممەی رابردوو لە لایەن نێوەندگیرەکانەوە پێشکێشی حەماس کرابوو، داوای گەڕاندنەوەی 42 بارمتەی ئیسرائیلی بەرامبەر ئازادکردنی 800 بۆ 900 بەندکراوی فەلەستینی و رۆیشتنی رۆژانەی 400 بۆ 500 بارهەڵگری یارمەتیی بۆ نێو غەززە دەکات.
هەروەها بەپێی پێشنیازەکە، دەبێت رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری غەززە بدرێت.
جەنگی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە شەش مانگە بەردەوامە و بووەتە هۆی وێرانبوونی کەرتی غەززە و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 33 هەزار و 600 فەلەستینی و برینداربوونی 76 هەزار و 200ی دیکە.
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران و 250ی دیکە بە بارمتە گیران.