تورکیا بۆ ئیسرائیل: رێگە نەدرێت دنەدانی نێو مزگەوتی ئەقسا دووبارە ببێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا بە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی راگەیاندووە، پێویستە رێگە نەدرێت دنەدانی نێو مزگەوتی ئەقسا دووبارە ببێتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 12-04-2023 کراوە و هەردوولا باسیان لە دوایین رووداو و گرژییەکانی مزگەوتی ئەقسا کردووە. مەولود چاوشئۆ‌غڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی راگەیاندووە، بڕیاری حکومەتی ئیسرائیل بەوەی تاوەکو کۆتایی مانگی رەمەزان جگە لە موسڵمانان رێگە بە هیچ کەس نەدرێت بچنە ناو مزگەوتی ئەقسا، لەڕووی کەمکردنەوەی گرژییەکان کارێکی ئەرێنییە.
 
هەروەها چاوشئۆغڵو بە پێویستی زانیوە رێگە نەدرێت دنەدان لە مزگەوتی ئەقسا دووبارە ببێتەوە. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا هەروەها ئامادەیی وڵاته‌كه‌شی بۆ هەموو هاوکارییەک لەپێناوی کەمکردنەوەی گرژییەکان خستووەتەڕوو.
 
ماوەیەکە گرژیی نێوان فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان روو لە هەڵکشانە. رۆژی 07-04-2023 لە تەلئەڤیڤ فەڵەستینییەک بە ئۆتۆمبیلەکەی چەند کەسێکی کرد بەژێرەوە.
 
ئامیچای ئەشەد، فەرماندەی پۆلیسی تەلئەڤیڤ رایگەیاند، "ئۆتۆمبێلێک هاتووەتە سەر هێڵی پاسکیل و خۆی لە ژمارەیەک هاووڵاتی داوە، کە لەسەر رێگەکە بوون. ئەو کەسە ویستی بە چەک هێرش بکاتە سەر خەڵک، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا."
 
هەمان رۆژ هاووڵاتییەکی فەلەستینی لە نزیک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی حەمرا لە کەرتی رۆژئاوا بە چەک هێرشی کردە سەر سێ هاووڵاتیی ئیسرائیلی و دووانیان، کە خوشک بوون و لە 20ـەکانی تەمەنیاندا بوون، گیانیان لەدەستدا و هاووڵاتییەکی دیکەی تەمەن 40 ساڵیش بە سەختی بریندار بوو.
 
چەند کاژێرێک دوای هێرشەکان، بزووتنەوەی حەماس بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی لەئەستۆ گرت و بە "پاڵەوانانە" ناوی بردن. حەماس رایگەیاند، هێرشەکان وەڵامن بۆ "داگیرکاریی" مزگەوتی ئەقسا و کەرتی رۆژئاوا.
 
چەند جارێک هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا و ئازاری موسڵمانانیان دا؛ ئەمە کاردانەوەی لێکەوتەوە و تورکیاش سەرکۆنەی کرد. بە تایبەتی کە سەربازانی ئیسرائیلی بە پێڵاوەوە دەڕۆنە نێو مزگەوتەکە و لە موسڵمانان دەدەن.
 
گرژییەکانی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان تادێت زیاتر دەبن؛ ئەمەش دوای ئەو هێرشە مووشەکییانە دێت کە سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس کردیانە سەر پێگەکانی یەکدی.
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 63 فەلەستینی و 17 ئیسرائیلی کوژراون. ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ساڵی 2022دا 150 فەلەستینی و 20 ئیسرائیلی کوژران.