کەنەدا سزاکانی سەر سووریا سووک دەکات و باڵیۆزێکیش دیاری دەکات

رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کەنەدا رایدەگەیێنن، پلانییان هەیە کە سزاکانی سەر سووریا سووک بکەن و کەسێکیش وەکو باڵیۆزی خۆیان رەوانەی دیمەشق بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئاداری 2025، عومەر غەبرا، نێردەی تایبەتی کەنەدا بۆ سووریا باسی لە بنیاتنانەوەی سووریا گوتی، "کەنەدا دەتوانێت رۆڵێکی مانادار لە توانادارکردنی سووریاییەکان بگێڕێت بۆ ئەوەی وڵاتێکی گشتگیر بنیات بنێن کە رێز لە هەموو هاووڵاتییانی دەگرێت."
هەروەها ئەو نێردەیەیەی کەنەدا گوتیشی، "دەمانەوێت رێگە بگرین لەوەی ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیری روو لە سووریا بکات."
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سزاکانی سەر سووریا سووک دەکەن، ئەمەش "بۆ ئەوەی رێگە بدەن یارمەتییە داراییەکان لە رێگەی چەند بانکێکی دیاریکراوەوە بگەنە سووریا."
هەروەها کەنەدا ستێفەنی ماککۆڵم، باڵیۆزی خۆی لە لوبنان راسپاردووە کە بۆ کارەکانی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە سووریا بەڕێوەببات.
کەنەدا هاوشێوەی بەشێک وڵاتانی دیکەی جیهان، دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا، ژمارەیەک سزای قورسی بەسەر حکومەتی پێشووی سووریا سەپاند.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لەبارەی سزاکانەوە دەڵێت، "ئەم سزایانە وەکو ئامرازێک دژی رژێمی ئەسەد بەکارهێندراون و سووکردنیشیان یارمەتی سەقامگیری و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەدات."
سزاکانی کەنەدا بۆ سەر حکومەتی پێشووی سووریا خۆی لە سڕکردنی سامانی حکومەت، قەدەخەکردنی گەشتکردنی بەشێک لە بەرپرسان و رێگەگرتن لە هەناردەکردنی هەر بەرهەمێکی کۆمپانیا کەنەدییەکان بۆ سووریا دەبینێتەوە.
دوای هەڵگرتنی سزاکانیش، کەنەدا نزیکەی 60 ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی سووریا دەکات.