حووسییەکان مووشەک دەگرنە کەشتیێک کە بەرەو ئێران دەڕوات
رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن دوو مووشەکیان گرتە کەشتیێک کە دانەوێڵەی هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی بیباتە بەندەرێکی ئێران. لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیانێکی کەم بەر کەشتییەکە کەوت، بەڵام هیچ زیانی گیانیی لێنەکەوتەوە.
کەشتییە بارهەڵگرەکە بە ناوی ستار ئایرسە، هەڵگری ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵ و لەلایەن کۆمپانیایەکی یۆنانییەوە بەڕێوەدەبرێت.
هێرشی سەر کەشتییەکە کە بەرەو ئێران دەڕۆیشت، پێشانیدەدات کە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور، کەنداوی عەدەن و گەرووی بابولمەندەب گەیشتووەتە چ ئاست.
ستار ئایرس لە بەرازیلەوە هاتبوو بۆ ئەوەی بچێتە بەندەری خومەینی لە ئێران، ئەو وڵاتەی کە بە درێژایی جەنگی یەمەن، پشتیوان و چەکپێدەری سەرەکیی حووسییەکان بووە.
ئەمبرەی، کۆمپانیای تایبەتی بواری چاودێریی ئاساییشی دەریاگەری کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە، رایگەیاند، خاوەن و کارپێکەرانی کەشتییەکە بە شێوەیەکی بەردەوام بازرگانیی لەگەڵ ئێران دەکەن. کۆمپانیاکە هەروەها روونیکردەوە، زیانێکی بچووک بەر لای چەپی کەشتییەکە کەوتووە.
حووسییەکان کەشتی ستار ئایرس-یان بە "ئەمریکی" دانا و رایانگەیاند، بە چەند مووشەکێک کردوویانەتە ئامانج.
کۆمپانیای (ستار بۆڵک کاریەرز)ی یۆنانی کە کەشتییەکە بەکاردێنێت، لە بازاڕی پێنوێنی ناسداک لە نیویۆرک بازرگانیی پێوە دەکرێت.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی هێزی چەکداری حووسییەکان، لە راگەیێندراوێکدا لە دوای هێرشەکە گوتی: "هێزە چەکدارەکانی یەمەن دوودڵ نابن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زیاتر لە تۆڵەی تاوانەکانی رژێمی زایۆنی دژی براکانمان لە کەرتی غەززە، هەروەها وەک وەڵامێک بۆ دوژمنکاریی بەردەوامی ئەمریکا و بەریتانیا دژی وڵاتە ئازیزەکەمان."
ئێران پشتڕاستی نەکردووەتەوە کەشتییەکە بەرەو وڵاتەکەی چووبێت، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، پشتڕاستیکردەوە کە کەشتییەکە بارێکی بەرازیلیی هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی بیباتە ئێران.
گەنمەشامی هەناردەی سەرەکیی بەرازیل بۆ ئێران پێکدێنێت کە لە ئالیکی ئاژەڵاندا بەکاردەهێنرێت.
ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی سەر بە سوپای بەریتانیا کە چاودێریی رێڕەوە ئاوییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی کاتێک روویداوە کە ستار ئایرس لە باشوورەوە بەنێو بابولمەندەبدا دەڕۆیشت.