سەرۆکوەزیرانی نوێی لوبنان دەستنیشانکرا
رووداو دیجیتاڵ
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان بڕیاری دا نەواف سەلام وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکە دەستنیشان بکات؛ راشیسپارد حکومەت پێکبهێنێت و هەنگاوەکانی بووژاندنەوەی ئابووری دەستپێبکات.
رۆژی دووشەممە، 13-01-2025، نەواف سەلام، سەرۆکی دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە لاهای وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی لوبنان دەستنیشانکرا.
زۆرینەی ئەندام پەرلەمانەکانی لوبنان پشتگیرییان لە نەواف کرد، ئەمەش دوای ئەوەی دوو ساڵ لوبنان لەلایەن حکومەتێکی کاربەڕێکەوە بەڕێوەدەبرا.
سەرۆکایەتیی لوبنان رایگەیاند: "سەرۆککۆمار نەواف سەلامی راسپارد حکومەت پێکبهێنێت، بڕیارە بەیانی سەرۆکوەزیران بگەڕێتەوە لوبنان."
دوو ساڵ بوو پۆستی سەرۆکی لوبنان بەتاڵ بوو، هەفتەی پێشوو جۆزێف عەون بە سەرۆکی نوێی وڵاتەکە دەستنیشانکرا. عەون پێشتر فەرماندەی گشتیی سوپای لوبنان بوو.
دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 84 ئەندام پەرلەمان بە عەونیان راگەیاند، ئەوان پشتگیریی لە نەواف سەلام دەکەن، نۆ ئەندامی دیکەش پشتگیریی خۆیان بۆ نەجیب میقاتی دەربڕی، کە لەو دوو ساڵەی کاربەڕێکەریدا، سەرۆکوەزیران بوو.
بەگوێرەی دەستووری لوبنان؛ پێویستە سەرۆکی وڵات کریستیانی مارۆنی، سەرۆکوەزیران موسڵمانی سوننە و سەرۆکی پەرلەمانیش موسڵمانی شیعە بێت.
گۆڕانکاری
ئەوانەی پشتگیریی نەواف سەلام دەکەن پێیانوایە گۆڕانکارییەکی نوێ لە وڵاتەکە سەرهەڵدەدات.
جۆرج عەدوان، ئەندام پەرلەمانی لوبنان لە پارتی کریستیانەکان گوتی، دوای هەڵبژاردنی سەلام، ئێستا کاتی ئەوەیە حیزبوڵڵا "سەرنج بخاتە سەر کاری سیاسی." عەدوان گوتیشی: "سەردەمی چەک ئیدی بەسەرچووە."
حیزبوڵڵا لە 07-10-2023ـەوە لەگەڵ ئیسرائیل کەوتە جەنگەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پشتگیریی خۆی بۆ بزووتنەوەی حەماس لە غەززە دەربڕی و دژایەتیی ئیسرائیلی کرد.
لەوکاتەوە تاوەکو تشرینی دووەمی 2024 حیزبوڵڵا چەکی دانەنا، بەڵام ئیسرائیل گورزی کوشندەی لێدا؛ گەورەترین گورزیش کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی بزووتنەوەکە بوو. رۆژی 27-11-2024 بە نێوەندگیریی ئەمریکا، ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بۆ ماوەی 60 رۆژ راگەیێنرا.
مەلحەم خەلەف، ئەندام پەرلەمانی سەربەخۆ گوتی، ئەو وەکو "بەربژێری گۆڕانکاری" دەنگی بە نەواف سەلام داوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل، کە نزیکە لێیەوە، پشتیوانیی لە میقاتی دەکەن.
نەواف سەلام کێیە؟
سەلام لە دایکبووی 1953ـیە و تەمەنی 71 ساڵە. دیپلۆمات، دادوەر، ئەکادیمیست.
لە 01-05-2010 تاوەکو 31-05-2010 دواتر جارێکی دیکە لە 01-09-2011 تاوەکو 30-09-2011 سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە.
لە 01-09-2012 تاوەکو 31-08-2013 جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە.
لە 13-07-2007 تاوەکو 15-12-2017 باڵیۆزی لوبنان بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە 06-02-2018ـەوە دادوەری دادگەی نێودەوڵەتیی داد بووە لە شاری لاهای – هۆڵەندا. هاوکات، لە 06-02-2024ـەوە سەرۆکی دادگەکە بووە.
یاسای لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکا خوێندووە و چەند ساڵێکیش لە زانکۆی سۆربۆنی پاریس مامۆستا بووە.
خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.