چەند پێگەیەکی لوبنان بۆردوومان کران و ئیسرائیل دەڵێت، رێگەیەکی قاچاخی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی لوبنان ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر رۆژهەڵات و باشووری لوبنان. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج، بەتایبەتی رێگەکانی بەقاچاخبردنی چەک بە درێژایی سنووری سووریا.
لە 27ی تشرینی دووەم ئاگربەستێک چووە واری جێبەجێکردنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل؛ جەنگێک کە لە دوو مانگدا نزیکەی 4000 کوژراوی لە لوبنان لێکەوتەوە و پێگەکانی حیزبوڵڵای وێران کرد؛ بەڵام لەو کاتەوە چەندین پێشێلکاری لە ئاگربەستەکە کراون.
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی فەرمیی لوبنان بڵاویکردەوە، "فڕۆکەی دووژمن دەوروبەری شارۆچکەی جەنتای لە بناری زنجیرە چیاکانی رۆژهەڵاتی لوبنان کردە ئامانج." ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل ناوچەی دەوروبەری نەبەتیەی لە باشووری وڵات بۆردوومان کردووە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ زیانێکی گیانی بکات.
سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشی کردووەتە سەر چەند پێگەیەک کە بە گوتەی خۆی، "هەڕەشە بوون بۆ سەر میکانیزمی چاودێریکردنی ئاگربەست." ئاماژەی بەوەش کرد، "لەنێو ئەو ئامانجانەی لێیان دراوە، شوێنێکی هاوێشتنی مووشەک، پێگەیەکی سەربازی و رێگەکانی سنووری سووریا - لوبنان هەبوون، کە بۆ بەقاچاخبردنی چەک بۆ حیزبوڵڵا بەکارهێندراون."
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست" جووڵاوەتەوە.
ئەم هێرشانە کەمتر لە دوو هەفتە پێش 26ی کانوونی دووەم دێن؛ ئەو وادەیەی لە رێککەوتنی ئاگربەستدا بۆ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دانراوە. حیزبوڵڵا و ئیسرائیل یەکدی بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.
بەپێی رێککەوتنەکە، پێویستە حیزبوڵڵا هێزەکانی بکشێنێتەوە بۆ باکووری رووباری لیتانی، واتە نزیکەی 30 کیلۆمەتر دوور لە سنووری ئیسرائیل و هیچ کەرەستەیەکی سەربازی لەوێ نەهێڵێت.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، رۆژی هەینی 5 کەس لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان کوژران.