دوای دەنگۆی کوشتنی، شێخ تەوفیق بۆتی سەلامەتیی خۆی پشتڕاستدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شێخ تەوفیق بۆتی، کوڕی زانای بەنێوبانگی کورد رەمەزان بۆتی، سەلامەتیی خۆی پشتڕاستدەکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دەنگۆ بڵاوکرایەوە گوایە لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنەوە کوژراوە.
تەوفیق بۆتی، کە سەرۆکی یەکێتیی زانایانی شام و گوتارخوێنی مزگەوتی دیمەشقە، لە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت: "هەندێ ماڵپەڕ و هەژماری گێرەشێوێن هەواڵی تیرۆرکردنیان بڵاوکردمەوە، بە بێ رەچاوکردنی ئامانجی چەپەڵی ئەو ماڵپەڕ و هەژمارانە، من دەڵێم سوپاس بۆ خوا سەلامەتم."
دەنگۆی کوژرانی زانا کوردەکە دوای ئەوە بڵاوبووەوە کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆتاییان بە رژێمی بەشار ئەسەد هێنا.
شێخ تەوفیق بۆتی لە سەردەمی بەشار ئەسەددا پشتیوانیی خۆی بۆ رژێم دەربڕیبوو، لە سەردەمێکدا کە دەربڕینی کەمترین ناڕەزایی دژی حکومەتەکە، قورسترین سزای هەبوو.
دوای رووخانی رژێم، شێخ تەوفیق بۆتی پشتیوانیی خۆی بۆ سەرکردایەتیی نوێی سووریا راگەیاند.
بنەماڵەی زانا کوردەکە خەڵکی جزیری بۆتانی باکووری کوردستانن، بۆیە پاشناوی بۆتییان وەرگرتووە.
باوکی تەوفیق بۆتی، کە ناوی محەممەد سەعید رەمەزان بۆتی بوو، لە جزیر لەدایکببوو، بەڵام دواتر بەهۆی سەرکوتکاریی ئەتاتورک دژی زانایانی ئایینی، لە ساڵی 1933 لەگەڵ مەلا رەمەزان بۆتیی باوکی کۆچیان کردبوو بۆ دیمەشق.
محەممەد بۆتی کە خاوەن زیاتر لە 80 کتێب و کاریگەرییەکی گەورە بوو لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی، لە ساڵی 2011 تاوەکو 2013 بەهۆی دژایەتیکردنی شۆڕشی سووریا و دەربڕینی پشتیوانی بۆ بەشار ئەسەد، مشتومڕی لەسەر دروستبوو.
محەممەد بۆتی لە 21ی ئاداری 2013 تیرۆرکرا. ئۆپۆزسیۆن و رژێم کوشتنی زاناکەیان سەرکۆنەکرد. ئۆپۆزسیۆن ئەوکات رایگەیاند، رژێم محەممەد بۆتی کوشتووە، چونکە زاناکە بە نیاز بووە پشتیوانیی خۆی بۆ شۆڕش دەرببڕێت. بەڵام رژێمی سووریا رایگەیاند: "هەڵگرانی بیری رەشی تەکفیری" شێخەکەیان کوشتووە.