ئیسرائیل چووەتە نێو ناوچەیەکی خاکی سووریا و UN تووڕەیە؛ ئەو ناوچەیە کوێیە؟
رووداو دیجیتاڵ
لەدوای کەوتنی رژێمی ئەسەد، سوپای ئیسرائیل کەوتە خۆی، جگە لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەندین پێگەی سوپای سووریا، سنووری ئەو وڵاتەی بەزاند و دەستی بەسەر رووبەرێکی فراواندا گرت. ئەمەش بەرپرسانی یوئێنی تووڕە کرد، هەندێک لە وڵاتانیش داوایان کرد ئیسرائیل هێزەکانی بکشێنێتەوە.
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی، چوونە نێو دیمەشق و پایتەختی سووریایان لە دەستی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا دەرهێنا و ئەویش هەڵات بۆ رووسیا.
ئیسرائیل لەو رۆژەوە سەربازەکانی ناردووەتە ناوچەی لە چەکداماڵدراو لە نێوان بەرزاییەکانی گۆلان و سنووری سووریا لە رۆژئاوا.
سوپای ئیسرائیل چوونە سەر لووتکەی چیای حەرمۆن لە دیوی سنووری سووریا و کۆنترۆڵیانکرد.
سوپای ئیسرائیل هەروەها دەیان هێرشی ئاسمانی کردە سەر "چەند پێگەیەکی سەربازی، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و بارەگای هەواڵگری، هەروەها کۆگەی مووشەکی دوورمەودا و کورتمەودا."
ئیسرائیل دەڵێت، هەنگاوە سەربازییەکانی نێو سووریا بۆ "مەبەستی بەرگری و رێگەگرنن بووە لە هەڕەشە."
نەتەوە یەکگرتووەکان لەو هەنگاوە تووڕەبوو، رایگەیاند ئەوە شکاندنی رێککەوتنی (کۆتاییهێنان بە پێکدادان)ـە لەنێوان سووریا و ئیسرائیل.
رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە پێکدادان چییە؟
ئەو رێککەوتنە لە 31-05-1974 لە جنێڤی سویسرا لە نێوان سووریا و ئیسرائیل، بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی سۆڤییەت و ئەمریکا واژۆکرا.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئیسرائیل دەبووایە لە هەموو ئەو ناوچانە بکشێتەوە، کە لە جەنگی 'یەوم کەبیر' لە 1973 داگیریکردبوو، بەتایبەت 25 کیلۆمەتر دووجا لە ناوچەی قونەیتەرە و چەند شوێنێکی دیکە.
ئیسرائیل تاوەکو بەرزاییەکانی گۆلان کشایەوە. بەرزاییەکانی گۆلان کە پێشتر لە خاکی سووریا بوو، لە ساڵی 1967 لە جەنگێکی شەش رۆژەدا کۆنتڕۆڵکرا. لە ساڵی 1981 ئیسرائیل رایگەیاند گۆلان بە خاکی خۆیەوە دەلکێنێت و تەنیا ئەمریکا دانی پێدانا.
نەتەوە یەکگرتووەکان زۆنێکی لە چەک داماڵدراو Buffer Zoneـی دروستکرد بۆ ئەوەی سووریا و ئیسرائیل لێکجیا بکاتەوە، هەروەها هێزێکی ئاشتیپارێزی لەوێ جێگیرکرد بەناوی UNDOF. لە 1974ـەوە سەربازانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو ناوچەیەن.
UNDOF چییە؟
بەگوێرەی وێبسایتی UNDOF تاوەکو ئابی 2024، ئەو هێزە لە هەزار و 309 کارمەند، هەزار و 117 سەرباز، 59 ئەفسەر و 133 ئەفسەری سڤیل پێکدێت.
ئەو وڵاتانەی زۆرترین سەرباز و کارمەندیان بۆ هێزەکە دابینکردووە بریتین لە: نیپاڵ، ئۆرۆگوای، هیندستان، فیجی، کازاخستان، گانا، بوتان، چیک، ئایرلاند و زامبیا.
زۆنی لە چەکداماڵدراو
زۆنەکە 75 کیلۆمەتر درێژە و پانییەکەی لە 200 مەترەوە بۆ 10 کیلۆمەترە. سەربازەکان رۆژانە ئەرکیان بریتییە لە چاودێریکردنی ناوچەکە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی هیچ مەترسییەک نییە.
هیچ ناوچەیەکی سووریا دەکەوێتە نێو ناوچەکە؟ بەڵێ، چەند گوندێکی سووریا دەکەونە نێو ناوچە پارێزراوەکە.
رۆژی 08-12-2024 سوپای ئیسرائیل دانیشتووانی پێنج گوندی باشووری سووریای ئاگادار کردەوە، بەهۆی چالاکییە سەربازییەکانیان لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە. گوندەکان بریتین لە: قفانیا، قونەیتەرە، حەمیدییە، سەمدانییە، غەربییە و قەحتانییە.
دانیشتووانی گۆلان کێن؟
لە 05-06-1967 ئیسرائیل بەرزاییەکانی گۆلانی لە سووریا کۆنتڕۆڵ کرد و دواتر بە خاکی خۆیەوە لکاند، تاوەکو ئێستا جگە لە ئەمریکا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدا نەناوە.
ئێستا نزیکەی 45 ئۆردووگای جوونشین لە گۆلان هەن. بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، جگە لە ئۆردووگا جوونشینەکان، هەزار و 150 کیلۆمەتر دووجا کە 137 گوند و 112 کێڵگەی کشتوکاڵی لەخۆ دەگرن، لەژێر دەستی ئیسرائیلن.
رۆژی 25-03-2019 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بڕیارێکی واژۆکرد و گۆلانی بە خاکی ئیسرائیل ناساند.
جگە لە جووەکانی نێو ئۆردووگاکان کە زیاتر لە 25 هەزار کەسن، نزیکەی 40 هەزار کەسی دیکە لە گۆلان دەژین، کە زۆربەیان درووزن.
گرنگیی گۆلان چییە؟
بۆ ئیسرائیل گۆلان پێگەیەکی ستراتیژییە و جوگرافیاکەی گرنگە، ئەمە جگە لە دەریاچەی تەبریا کە لە تەنیشت گۆلانە.
بەگوێرەی ناوەندێکی توێژینەوەی ئیسرائیلیش، بەرزاییەکانی گۆلان هاوکارێکی باشی سوپای ئیسرائیلە لە چاودێریکردن و توانای بەرگریکردن و بەرپەرچدانەوە.
لە راپۆرتێکی پەیمانگەی ئۆرشەلیم بۆ ئاسایش و ستراتیژییەت بە ناونیشانی "ئیسرائیل لەسەر بەرزاییەکانی گۆلان؛ گرنگییەکی ستراتیژی"، باس لەوە کراوە، بۆچی پێویستە ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیلدا بێت؟
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: " چیای حەرمۆن لە باکووری بەرزاییەکانی جۆلانە. چیاکە هۆکارێکی نایابە بۆ ئەوەی چاودێریی تەواوی ناوچەکە بکەیت تا دەگاتە دیمەشق، کە 60 کیلۆمەترێک لە رۆژهەڵات دوورە، هەروەها تاوەکو کەنارەکانی حەیفا لەسەر دەریای نێوەڕاست لە رۆژئاوای ئیسرائیل. لە رووی سەربازییەوە، کشانەوە لە بەرزاییەکانی گۆلان هەڵەیەکی گەورەیە. کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچەیە چەندین سوودی بۆ ئیسرائیل هەیە."