بەرپرسێکی ئەمریکی: لە 48 کاژێری داهاتوودا ئێران هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵیت، زانیاریی هەواڵگری هەیە کە ئێران لە 24 تاوەکو 48 کاژێری داهاتوودا هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل.
لە بەرامبەر ئەگەری هێرشی ئێران، ئیسرائیل ئاستی ئامادەیی خۆی بەرزکردووەتەوە. هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمریکیش پیشانی دەدات کە تاران دەیەوێت ژمارەیەک پێگەی نێو ئیسرائیل بکاتە ئامانج، ئەوەش لە تۆڵەی هێرشەکەی یەکی نیسان بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی 7 پاسدار کە دووانیان فەرماندە بوون.
تاران هێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل و بەڵێنی داوە وەڵامی بداتەوە، بەڵام ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکە نەبووە.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری بابەتەکەیە، بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی گوتووە، هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران دەکرێت لە 24 تا 48 کاژێری داهاتوودا بکرێت و "رەنگە بکرێتە سەر خاکی ئیسرائیل".
ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیلییەکان خۆیان بۆ هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئێران بۆ سەر باشوور یان باکووری ئیسرائیل ئامادەکردووە.
بەڵام بەرپرسێکی ئێرانی بە هەمان رۆژنامەی گوتووە، هێشتا تاران بڕیاری کۆتایی نەداوە کەی هێرشەکە بکات.
بە گوێرەی راپۆرتەکە کە پشتی بە قسەی راوێژکارێکی سوپای پاسداران بەستووە، سوپای پاسداران ژمارەیەک بژاردەی بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل داوەتە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران. یەکێک لەوانە، هێرشی راستەوخۆە بۆ سەر ئیسرائیل لە رێگەی مووشەکی پێشکەوتووی مەودا مامناوەندەوە.
ئیسرائیل هۆشداری داوەتە تاران و رایگەیاندووە، هەر هێرشێک کاردانەوەی تووندی بەدواوە دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنین".
یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش رایگەیاند، "هەر هێرشێکی راستەوخۆی ئێران بۆ ناوچەکانی ئیسرائیل، وەڵامی ئیسرائیلی دژ بە ئێران بەدوادا دێت".
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، "پابەندبوونی ئێمە بۆ ئاسایشی ئیسرائیلەوە دژی هەڕەشەکانی ئێران و پاشکۆکانی پۆڵایینە. ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل."