حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، دەیان مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل ژمارەیەک پێگەی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان بۆردوومانکرد و بزووتنەوە لوبنانییەکەش بە ژمارەیەک مووشەک وەڵامی دایەوە. 
 
ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان ژمارەیەک پێگەی حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان بۆردوومان کردووە. حیزبوڵڵاش رایگەیاند، "دەیان" مووشەکی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە. 
 
ئێوارەی رۆژی هەینی، ئەدرەعی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڤیدیۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە کە لەگەڵیدا نووسیویەتی، "فڕۆکە جەنگییەکان هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک باڵەخانەی سەربازی لە باشووری لوبنان کە ئەندامانی حیزبوڵڵایان تێدابوو".
 
ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، حیزبوڵڵای لوبنان بڵاویکردەوە، "دەیان کاتیوشا"ی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. 
 
لە راگەیێندراوی حیزبوڵڵادا هاتووە، "وەک وەڵامێک بۆ دەستدرێژیی دووژمن بۆ سەر گوندە خۆڕاگرەکانی باشوور و ماڵە سڤیلەکان، موجاهیدەکانی موقاوەمەی ئیسلامی کاژێر 20:00ی شەوی هەینی، پێگەکانی دووژمنیان لە زاعورە بە دەیان کاتیوشا بۆردوومانکرد". 
 
سوپای ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە کرد، "نزیکەی 40 مووشەک" لە سنووری لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون و "زۆربەیان بەرپەرچدرانەوە و ئەوانی دیکەش لە ناوچە چۆڵەکاندا کەوتنە خوارەوە بێ ئەوەی زیانیان هەبێت".
 
دیمەنی هێرشەکە دەری دەخات، بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل کە بە گومەزی ئاسنین دەناسرێت، بەرپەرچی مووشەکەکانی داوەتەوە. 
 
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکەکانیان ناوچەکانی عیتا شەعب و تیبە لە باشووری لوبنان بۆردوومانکردووە. 
ئەدرەعی هەروەها گوتی، "ئەمڕۆ ژمارەیەک هاوەن لە لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەی جەلیل ئەعلا کران کە هیچ زیانێکی گیانیان نەبوو. هێزەکانی سوپای بەرگریی ئیسرائیل، هێرشیان کردە سەر سەرچاوەی ئەو هێرشانە."