سوپای ئیسرائیل رزگارکردنی دوو بارمتەی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار مانگ لە جەنگ، سوپای ئیسرائیل رزگارکردنی دوو بارمتەی لە غەززە راگەیاند. سوپاکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بارمتەکان هەردووکیان "لە دۆخێکی تەندروستیی باشدان."
فێرناندۆ سایمن مارمان، تەمەن 60 ساڵ و ولۆوس هار، تەمەن 70 ساڵ هەردوو بارمتە رزگارکراوەکەن کە گەڕێندرانەوە بۆ ئیسرائیل و گوێزرانەوە نەخۆشخانە، ئەمە وەک سوپاکە دەڵێت.
ئەو دوو کەسە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لەلایەن حەماسەوە لە کۆمەڵگەی جوونشینی نیر ئیسحاق لە نزیک غەززە گیرابوون.
بەپێی سوپای ئیسرائیل، کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 12-2-2024، کە دەکاتە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ئەو دوو بارمتەیە دەستیپێکردووە.
ریچارد هێچ، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دوو بارمتەکە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە رەفەح رزگارکران."
رزگارکردنی دوو بارمتەکە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی هێرشی زەوینی خۆی بۆ نێو شاری رەفەح کە هاوسنوورە لەگەڵ میسر، دەستپێبکات کە زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی غەززە پەنایان بۆ بردووە.
حکومەتە بیانییەکان، لە نێویاندا ئەمریکای هاوپەیمانیی سەرەکیی ئیسرائیل بە قووڵی نیگەرانن لەوەی هێرشەکە کارەساتی لێبکەوێتەوە، لە کاتێکدا کە شاری رەفەح رووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی سەخت دەبێتەوە.
حەماس هۆشداریی داوە کە ئەگەر هێرشە زەوینییەکە بکرێت، دەبێتە بەربەست لە بەردەم رێککەوتنەکانی داهاتوو بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەردا چەکدارانی فەلەستینی نزیکەی 250 کەسیان بە بارمتە گرت. ئیسرائیل دەڵێت، 130یان لە غەززە ماون. ئەوانی دیکە لە ماوەی ئاگربەستێکی یەک هەفتەییدا بە رێککەوتن لە لایەن حەماسەوە لە بەرامبەر زیاتر لە 200 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکران.
لەو کاتەوە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کەوتووەتە ژێر گوشاری خۆپێشاندانە بەردەوامەکان و تەنانەت بانگەوازەکانی هەڵبژاردنی پێشوەخت. کەسوکاری بارمتەکانیش لە هێواشی رزگارکردنی ئازیزانیان وەڕەس بوون.
لە قاهیرەی پایتەختی میسر، گفتوگۆ بۆ ئاگربەستێکی دیکەی کاتی دەستیانپێکردووەتەوە و حەماس ئامادەیی خۆی پێشانداوە بۆ راگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەی زیاتر.
کەتائیبی قەسامی باڵی سەربازیی بزووتنەوە فەلەستینییەکە، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل، لەم چەند رۆژەدا، دوو بارمتە کوژراون و هەشتی دیکەش بە سەختی برینداربوون.
هێرشەکانی شەوی رابردوو
وێڕای گوشار و بانگەوازەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ حەماس رێکبکەوێت و ئازادکردنی بارمتەکان مسۆگەر بکات، نەتەنیاهوو سوورە لەسەر ئەوەی تەنیا گوشاری سەربازی دەتوانێت بارمتەکان بگەڕێنێتەوە.
هەفتەی رابردوو، نەتەنیاهوو گوتی، فەرمانی بە هێزەکانی کردووە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنێک بۆ نێو رەفەح ئامادە بکەن؛ شارێک کە هێشتا نەچوونەتە نێوی.
وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لانیکەم 52 کەس بەهۆی بۆردوومانی چڕی ئیسرائیل بۆ سەر شارەکە کوژران؛ شارێک کە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی کەرتی غەززەی تێدا گیرساونەتەوە.
شارەکە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بەخۆیەوە بینی و دووکەڵی بۆردوومانی لێ بەرزبووە.
بە گوێرەی حکومەتی غەززە، هێرشەکان 14 ماڵ و سێ مزگەوتیان لە شوێنە جیاجیاکانی رەفەح کردە ئامانج.
سوپای ئیسرائیلیش گوتی، "زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیمان کردە سەر ئامانجە تیرۆریستییەکان لە ناوچەی شابۆرای باشووری کەرتی غەززە،" باسی لەوەش کرد، کە هێرشە ئاسمانییەکان کۆتاییان هاتووە.
رەفەح بووەتە دوایین پەناگەی فەلەستینییەکان کە ناچاربوون بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکان، ماڵەکانیان جێبێڵن.
حەماس هۆشداری بە ئیسرائیل دابوو کە هێرشی زەوینی نەکاتە سەر شارەکە.
بەرپرسێکی حەماس دەڵێت، "هەر هێرشێک لە لایەن سوپای داگیرکار بکرێتە سەر شاری رەفەح، دانوستاندنەکان پەک دەخات."
یەکشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نەتەنیاهوو کرد و پێی گوت، پێویستە بەرەو رەفەح پێشڕەوی نەکەن ئەگەر پلانێکی "متمانەپێکراو" بۆ دڵنیابوونەوە لە "سەلامەتیی" خەڵکی نێو شارەکە نەبێت، ئەمە وەک کۆشکی سپی باسی دەکات.
نزیکەی 1.4 ملیۆن کەس چوونەتە رەفەح، بەشێکی زۆریان لە نێو چادردا دەژین و تاوەکو دێت دەستکەوتنی ئاو، خۆراک و دەرمان ئەستەمتر دەبێت.
نەتەنیاهوو بە میدیای ئەمریکی گوت، ئۆپەراسیۆنی رەفەح بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی حەماس لەنێودەبەن؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە "رێڕەوێکی سەلامەت" بۆ خەڵکی سڤیل دەکەنەوە بۆ ئەوەی لە شارەکە بڕۆنە دەرەوە.
کاتێک پرسیاری لێ کرا، دەبێ بۆ کوێ بڕۆن؟ نەتەنیاهوو گوتی، "بۆ ئەو ناوچانەی لە باکووری رەفەح پاکمانکردوونەتەوە؛ زۆر شوێن لەوێ هەن. بەڵام ئێمە کار لەسەر پلانێکی پڕ لە وردەکاری دەکەین."
رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر، لە کاتی هێرشی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری غەززە، هەزار و 160 کەس کوژران کە بەشێکی زۆریان خەڵکی سڤیل بوون.
لە وەڵامی ئەوەدا، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕ و هێرشی زەوینی کرد بۆ سەر غەززە، کە تاوەکو ئێستا بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، لانیکەم 28 هەزار و 176 کەس بەو هۆیەوە کوژراون، دوو لەسەر سێیان ژن و منداڵن.
دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، هێرشی جووە هاوردە توندڕۆکان و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاواش بۆ سەر فەلەستینییەکان زیادیکردووە.
رۆژی یەکشەممە، سەربازانی ئیسرائیل تەقەیان لە پیاوێک کرد کە بە گوتەی خۆیان، هەوڵی دەدا بە چەقۆ لە یەکێک لەوان بدات.
هەمان رۆژ، پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، پیاوێکی دیکەیان لە رۆژهەڵاتی قودس/ئۆرشەلیم کوشتووە کە گوایە ئەویش ویستوویەتی بە چەقۆ هێرش بکات.
"داماڵین لە چەک"
لە سەردانێکیدا بۆ بنکەیەکی سەربازی، رۆژی یەکشەممە، نەتەنیاهوو گوتی، ئامانجی ئیسرائیل ئەوەیە "غەززە لە چەک دابماڵێت."
نەتەنیاهوو گوتی، "پێویست بەوە دەکات کۆنترۆڵی ئەمنیی خۆمان بەسەر تەواوی ناوچەی رۆژئاوای ئوردندا بەسەپێنین، لە نێویاندا کەرتی غەززە."
ئیمارات، قەتەر، عومان و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بەشێکن لەوانەی نیگەرانیی خۆیان لە پلانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح دەربڕیوە.
رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە لە 57 وڵات پێکدێت، رایگەیاند، "رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی هۆشداریی تووند دەدات لەوەی بەردەوامبوون و فراوانبوونی دوژمنکاریی سەربازیی ئیسرائیلی بەشێکە لە هەوڵە رەتکراوەکانی بەزۆر دەرکردنی خەڵکی فەلەستین لە خاکەکەیان."
سعودیە و ئیماراتیش دەربەدەرکردنی "زۆرەملێی" خەڵکیان لە رەفەح رەتکردەوە.
ریاز داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد، لە کاتێکدا دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی، پێویستە کاری لەپێشینە "وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ بێت بۆ ئەوەی یارمەتی بنێردرێتە نێوە و بارمتەکانیش بهێندرێنە دەرەوە."