ئەمریکا حوسییەکانی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە حوسییەکانی یەمەنیان لە لیستی تیرۆر دەرهێناوە.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری لابردنی حوسییەکان لە لیستی تیرۆر بۆ ئەوەیە تاوەکو دۆخی سەختی مرۆیی یەمەن خراپتر نەبێت. 
 
هەرەوەها راشیگەیاندووە کە ئەوان گوێیان بۆ هۆشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو رێکخراوە مرۆییانە گرتووە کە لە یەمەن کاردەکەن و پێشتر هۆشدارییان دابوو کە بەتیرۆرستدانانی حوسییەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ گواستنەوەی خواردن و سووتەمەنی بۆ خەڵکی مەدەنیی یەمەن. 
 
ئەنتۆنی بلینکن هیواخوازە لایەنە ناکۆکەکانی یەمەن دەست بە گفتوگۆی ئاشتییانە بکەن. 
 
لە راگەیێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، وێڕای لابردنی حوسییەکان لە لیستی تیرۆردا، سزاکانی سەر عەبدولمالیک حوسی، عەبدولخالق بەدرەدین حوسی و عەبدوڵڵا یەحیا حەکیم وەکو خۆیان دەمێننەوە کە هەرسێکیان سەرکردەی باڵای حوسییەکانن. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات ئەوان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی جموجووڵەکانی حوسییەکان و سەرکردەکانیان، "بە تایەبەتیش ئەوانەی کە بەرپرسن لە هێرشی بەلەمە بۆمبڕێژکراوەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و هێرشی مووشەکی بۆ سەر سعودیە. ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی جێبەجێکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئەندامانی گرووپی حوسییەکان و بەردەوام دەبێت لە سەرنجخستنەسەر ئەو چالکییانەی ئەو گرووپە کە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و بەردەوام دەبێت لە گوشارخستنە سەر گرووپەکە بۆ ئەوەی هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت."
 
هەروەها وەزیری دەرەوی ئەمریکا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو دووپات دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن دژی ئەو هەڕەشانەی کە بە گوتەی خۆی لە یەمەنەوە بە هاوکاریی ئێران دەکرێنە سەر ئەو وڵاتانە. 
 
ئەنتۆنیۆ بلینکن دەشڵێت ئەمریکا هەوڵەکانی "دووهێندە دەکات" بۆ ئەوەی بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی بە شەڕی نێوخۆی یەمەن بهێنن، چونکە ئەمریکا پێیوایە دەبێت چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی یەمەن بدۆزرێتەوە.