ئیسرائیل بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی: ئەوەی لە غەززە دەیکەین، لە بەیرووت دووبارەی دەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل هۆشداری بە حیزبوڵڵای لوبنانی دەدات کە ئەگەر جەنگ دژی ئیسرائیل رابگەیێنێت، ئەوا بەیرووت رووبەڕووی هەمان چارەنووسی غەززە دەبێتەوە. 
 
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی شەممە، (11-11-2023) لە کاتی سەردانیکردنی سەربازەکانی لە نزیک سنووری لوبنان گوتی، "ئەگەر ئەوان ئەم جۆرە هەڵەیە لێرە بکەن، ئەوانەی کە باجەکەی دەدەن، پێش هەمووان، هاووڵاتییانی لوبنان دەبن. ئەوەی لە غەززە دەیکەین، دەتوانین لە بەیرووتیش بیکەین."
 
ئەو هەڕەشەیەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە حەسەن نەسڕوڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رۆژی شەممە، لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، "بە بەکارهێنانی چەکی نوێ، هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل بەهێزکردووە."
 
نەسڕوڵڵا گوتی، لە هەفتەی رابردووەوە، "لە بەرەی لوبنانییەوە، لە رووی ژمارەی ئۆپەراسیۆن، ئامانج و جۆری چەکەکان،" هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل "بەهێزکردووە."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بزووتنەوە چەکدارە شيعە مەزهەبەکە بۆ یەکەمین جار "مووشەکی بوڕکان"ـی بەکارهێناوە، کە بەگوتەی خۆی دەتوانن "300 بۆ 500 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵبگرن."
 
نەسروڵڵا هەروەها گوتی، "بۆ یەکەمین جار لە مێژووی بەرخودان، درۆنی چاودێری"ـیان بەکارهێناوە و توانیویانە رۆژانە بگەنە قوڵایی ئیسرائیل، "کە هەندێکیان گەیشتوونەتە حەیفا، عەکا و سەفەد" لە باشووری ئیسرائیل. 
 
لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، واتە دوای هەڵگیرسانی جەنگی سەر غەززە لە ئەنجامی هێرشی حەماس بۆ سەر پێگە ئیسرائیلییەکانی دەوروبەری کەرتە فەلەستینییەکە، هێرشی ناوبەناو لە نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان روویداون. 
 
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل لانیکەم 68 چەکداری حیزبوڵڵا، 12 چەکداری سەر بە گرووپەکانی دیکە و 11 کەسی سڤیلی لە نێو لوبناندا کوشتووە. 
 
هەروەها شەش سەربازی ئیسرائیلی و دوو کەسی سڤیل لە باکووری ئیسرائیل کوژراون. نەسڕوڵڵا گوتی، چەکدارانی حیزبوڵڵا "دەچنە ریزەکانی پێشەوە بۆ ئەوەی مووشەک" ئاراستەی ئیسرائیل بکەن و درۆنە ئیسرائیلییەکان بەردەوام بەسەر باشووری لوبناندا دەسوڕێنەوە. 
 
لەبارەی ئەو هێرشانەشی لە لایەن حوسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانەوە دەکرێنە سەر ئیسرائیل و هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە، نەسروڵڵا گوتی، "ئەگەر ئێوەی ئەمریکی دەتانەوێت ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوەستن، پێویستە جەنگی سەر غەززە بوەستێنن."
 
هەروها باسی لەوە کرد کە "ژمارەیەک" ئەندامی حیزبوڵڵا رۆژی هەینی لە سووریا کوژراون، ئەو شوێنەی کە لە سەرەتای شەڕی نێوخۆی سووریاوە بۆ پشتیوانیکردنی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، تێیدا جێگیربوون. 
 
حیزبوڵڵا رۆژی هەینی رایگەیاندبوو کە ئیسرائیل حەوت چەکداری کوشتوون بێ ئەوەی شوێن و کاتەکەی دیاریبکات. 
 
سوپای ئیسرائیل گوتی، هێرشیان کردووەتە سەر شوێنێکی نێو سووریا کە لە پشت هێرشێکی درۆنییەوە بووە بۆ نێو باشووری ئیسرائیل.