سوپای ئیسرائیل: لە غەززە هێلیکۆپتەرێکمان تێکشکا و دوو سەرباز گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە رووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکیان لە باشووری غەززە، دوو سەربازیان گیانیان لەدەستدا و حەوتی دیکەیان بریندار بوون.
 
رۆژی چوارشەممە 11-09-2024 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "هێلیکۆپتەرێکی سوپامان لە باشووری کەرتی غەززە تێکشکا، راپۆرتی بەرایی پیشانی دەدات کە هێلیکۆپتەرەکە لەلایەن دووژمنەوە نەکراوەتە ئامانج. لە ئەنجامی رووداوەکە، دوو سەربازی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل گیانیان لەدەستدا، حەوت سەربازی دیکەش بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران."
 
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند، هێلیکۆپتەرەکە ویستوویەتی لەنزیک سنووری رەفەح بنیشێتەوە و تووشی رووداوەکە بووە، هۆکاری سەرەکیی تێکشکانەکە هێشتا لە لێکۆڵینەوەدایە. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نافەرمی، هێلیکۆپتەرەکە لە جۆری بلاک هۆکی ئەمریکییە و دوایین جار رووداوێکی هاوشێوە روویدابێت، 30 ساڵ لەمەوبەر بووە.
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی غەززەوە تاوەکو ئێستا 344 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون. ژمارەی کوژراوانی جەنگی غەززەش هەر لە بەرزبوونەوەدایە، لەوکاتەوەی لە 07-10-2023 جەنگ بەرپابوو؛ حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، 1250 ئیسرائیلی کوژراون. لەلایەکی دیکە تەندروستیی غەززە لە دوایین راگەیێندراودا بڵاویکردەوە، 41 هەزار و 20 کەس کوژراون. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆربەی کوژراوانی غەززە ژن و منداڵن.