دۆناڵد ترەمپ: ئیسرائیل و بەحرەین رێککەوتن


رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، ئیسرائیل و "بەحرەینی هاوڕێمان" رێککەوتن لەسەر رێککەوتنی ئاشتیی نێوانیان و ئەوە دووەم وڵاتی عەرەبییە لە 30 رۆژدا لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتنی ئاشتی واژۆ بکات. 
 
ترەمپ لە تویتەکەدا رێککەوتنی ئەو دوو وڵاتە بە پێشڤەچوونێکی دیکەی مێژووییی ناودەبات. 

بە گوێرەی راگەیێنراوی هاوبەشی ئەمریکا، بەحرەین و ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ، شا حەمەد بن عیسا بن سەلمان ئال خەلیفەی بەحرەین و بنیامین نەتەنیاهوو ئەمڕۆ گفتوگۆیانکردووە و رازیبوون لەسەر دەستپێکردنی پەیوەندی دیپلۆماسیی هەمەلایەن لە نێوان ئیسرائیل و بەحرەیندا. 

لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە "ئەمە پێشڤەچوونێکی مێژووییە بۆ پەرەپێدانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەستپێکردنی گفتوگۆ و پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان ئەم دوو کۆمەڵگە ئابوورییە پێشکەوتووە، بەردەوامی بە گۆڕانە ئەرێنییەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ناوچەکە زیاددەکات".

ئەمریکا سوپاسی خۆی بە بەحرەین گەیاندووە بۆ میوانداریکردنی وۆرکشۆپی "ئاشتی بۆ خۆشگوزەرانی" لە شاری مەنامە لە ساڵی 2019. 

هەروەها بە گوێرەی راگەیێنراوی بەحرەین، ئیسرائیل و ئەمریکا، هەر سێ لایەنەکە بەردەوامدەبن لە پێکەوەکارکردن بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی فەلەستین و دۆزینەوەی چارەسەرێکی خۆگر بۆ کێشەکەیان. 

هەروەها راگەیێنراوەکە باس لەوە دەکات کە بەحرەین لە سەر بانگێشتی دۆناڵد ترەمپ، لە 15ـی ئەیلوول لە کۆشکی سپی ئامادەدەبێت بۆ بەشداریکردن لە رێوەڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات و هەر لە هەمان رۆژدا رێککەوتنی نێوان بەحرەین و ئیسرائیلیش واژۆدەکرێت. 

ئاساییکردنی نێوانی وڵاتە عەرەبیەکان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا، بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی گەورە دادەنرێت بۆ دۆناڵد ترەمپ کە لە کەمتر لە دوومانگی داهاتوودا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا رووبەڕووی جۆ بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان دەبێتەوە.

جگە لە بەحرەین، ئیمارات و ئیسرائیل، کۆسۆڤۆ و سربیاش بە نێوەندگیریی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، پەیوەندییەکانیان ئاساییکردەوە.

هەروەها لە رێککەوتنی سربیا و کۆسۆڤۆشدا ئیسرائیل لەبیرنەکراوە، سربیا رازی بووە باڵیۆزخانەکەی لە تەل ئەڤیڤەوە بگوازێتەوە بۆ شاری ئۆرشەلیم (قودس) و ئیسرائیل و کۆسۆڤۆش لە لایەکی دیکە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە وەکو دوو وڵاتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، دان بەیەکدیدا بنێن.