راوێژکاری ئەڵمانیا: ئاگربەستی غەززە هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوە دەبێت لە هێورکردنەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
رووداو دیجیتاڵ
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و نیگەرانیی خۆی لە مەترسیی فراوانبوونی شەڕی غەززە بۆ جەنگێکی هەرێمی دەربڕی.
ڤۆڵڤگەنگ بوچنەر، گوتەبێژی راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، شۆڵتز رایگەیاندووە "کاتی ئەوە هاتووە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست تەواوبکرێت" و دووپاتیکردەوە "کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوە دەبێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە".
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە، هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل کە بەرەبەیانیی دوێنێ بۆ سەر قوتابخانەیەکی ئایینی لە غەززە ئەنجامدرا، بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 93 کەس و ناڕەزایی بەرفراوانی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا.
هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوەش دوای کوشتنی فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵڵای لوبنانی و سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران. ئێران و هاوپەیمانەکانی دەڵێن، تۆڵە لە ئیسرائیل دەکەنەوە.
گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، شۆڵتز بە نەتەنیاهووی راگەیاندووە کە ژمارەیەکی زۆری ئامانجە سەربازییەکان بەدەستهێندراون، بەڵام ژمارەی کوژراوان و نەهامەتیی مرۆیی کەرتی غەززە گەورەیە.
بۆردوومانکردنی قوتابخانەی ئایینی تابعین لە لایەن زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ناوچەکە و نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بانگەوازەکانی ئاگربەستی زیاترکردن.
تیمە فریاگوزارییەکانی غەززە دەڵێن، کاتێک خەڵکەکە بەکۆمەڵ نوێژی بەیانیان کردووە، ئیسرائیل بە سێ مووشەک قوتابخانەکەی کردووەتە ئامانج. سوپای ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە، سێ مووشەکی بەکارهێناوە.
ژنێک کە بەسەر تەرمی منداڵێکی کفنکراودا دەگریا، گوتی، "کاتێک لە نوێژدا بوون، مووشەکیان بەسەردا بەردرایەخوارەوە".
سوپای ئیسرائیل دواتر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانەی تابعین و بە گوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان، "لانیکەم 19 چەکداری حەماس و جیهادی ئیسلامی کوژراون" و "هیچ زیانێکی گەورە بەر شوێنەکە نەکەوتووە".
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە فەلەستینییەکە بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 39 هەزار و 790 کەس.
جەنگەکە لە 7ـی تشرینی یەکەمی پار دەستیپێکرد، دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا لانیکەم هەزار و 198 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون.
چەکدارانی فەلەستینی هەروەها 251 کەسیان بە بارمتە گرت کە هێشتا 111یان لە غەززە ماون؛ 39 لەوانەی کە لەوێ ماون، کوژراون.