سوودانی و بلینکن تاوتوێی ئاگربەست لە غەززە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، پرسی ئاگربەستی غەزە و پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدایان تاوتوێکردووە و پشتیوانی عێراقیشی لە پلانی ئاگربەستی غەزەی بەرز نرخاند.
بەپێیی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە، 11ـی حوزەیران، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئوردن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق و دۆخی غەززە و ئاگربەستی پێشنیازکراوی غەززەیان کردووە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەدراوە: ''وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانیی عێراق لە ئاگربەستی غەززە دەربڕیوە و دووپاتیکردووەتەوە کە پێویستە حەماس ئەو پلانە بەبێ هیچ دواکەوتنێک پەسند بکات.''
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدا کراوە و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پابەندیی وڵاتەکەی بۆ "پەیوەندییە 360 پلەییەکەی واشنتن و بەغدا"ی بۆ بنیادنانی دەرفەتەکانی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو عێراقییەکان دووپاتکردووەتەوە.
ئەو راگەیەندراوە لەکاتێکدایە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و ئەمڕۆش لە ئوردن بەشداری لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە جەنگی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس کرد.
248 رۆژە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە. هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ راگەیاندنی ئاگربەست تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.
پلانەکەی بایدن چییە؟
رۆژی 31ی ئایاری ئەم ساڵ، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیاند. پلانەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت.
قۆناخی یەکەمدا بریتییە لە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی کە تێیدا بارمتە ژن، منداڵ و نەخۆشەکان ئازادبکرێن، "سەدان" زیندانی فەڵەستینی لەلایەن تەلئەڤیڤەوە ئازادبکرێن، سوپای ئیسرائیل لە شارەکان بکشێتەوە و رۆژانەش 600 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی بگاتە کەرتی غەززە.
لە قۆناخی دووەمدا، جەنگ بە تەواوی کۆتاییبێت، سوپا بە تەواوی لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و هەموو ئەو بارمتانەی ماون ئازادبکرێن.
قۆناخی سێیەمیش بریتییە لە داڕشتنی پلانێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا و دامەزراندنی حکومەتێک لەو بەشەی فەڵەستین کە حەماس هیچ رۆڵێکی تێدا نەبێت.