سەرۆکوەزیرانی یۆنان داوا لە ئەردۆغان دەکات لە بڕیاری گۆڕینی کەنیسەیەک بۆ مزگەوت پاشگەزبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی یۆنان رایگەیاند لە سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە، داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات لە بڕیاری گۆڕینی کەنیسەیەکی دێرین بۆ مزگەوت، پاشگەزبێتەوە.
کەنیسە ئۆرسۆدۆکسییە دێرینەکە دەکەوێتە ناوچەی خۆرا لە ئیستەنبووڵ.
کریاکۆس میتساتۆکیس، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیدا گوتی، گۆڕینی کەنیسەکە "هەرگیز کارێکی پێویست نەبوو و تاڕادەیەک کارێکی هەراسانکەر بوو" نەک تەنیا بۆ پەیوەندییەکانی یۆنان و تورکیا، بەڵکو بۆ میراتی جیهانیش.
ساڵی 2020، چەند مانگێک دوای گۆڕینی ئایاسۆفیای بەنێوبانگ لە کەنیسەوە بۆ مزگەوت، ئەنقەرە بڕیاریدا کەنیسەکەی خۆرا بگۆڕێت بۆ مزگەوت و دواتر ئەردۆغان هەر لەو ساڵەدا لە بۆنەیەکی تایبەت وەک مزگەوتێک، کردییەوە.
رۆژی دووشەممەی رابردووش، دوای چوار ساڵ لە داخستنی، بۆ یەکەمین جار موسڵمانان نوێژیان تێدا کرد.
رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی یۆنان ئەوەی سەرکۆنەکرد و بە "دنەدان" ناویبرد.
وەزارەتەکە پێیوایە، ئەو هەنگاوە وا دەکات "رووکاری کەنیسەکە بگۆڕێت و زیان بەم شوێنەوارە دەگەیێنێت کە لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆدایە و خاوەنداریێتییەکەی بۆ مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە."
هاوشێوەی ئایا سۆفیا، کەنیسەکە لە سەردەمی بێزەنتییەکان دروستکراوە و بە مۆزایک و نیگارەکانی سەدەی چواردەیەم رازێنراوەتەوە.
ساڵی 2020 کە ئەنقەرە بڕیاریدا بیگۆڕێت بۆ مزگەوت، نیگەرانی لە بارەی چارەنووسی مۆزایک و تابلۆکان دروستبوو.
گۆڕینی ئایاسۆفیا و کەنیسەکەی خۆرا بۆ مزگەوت بە هەوڵێکی ئەردۆغان بۆ بەدەستهێنانی سۆزی دەنگدەرە نەریتخواز و نەتەوەپەرستەکان لێکدرایەوە، لەکاتێکدا ئابووریی وڵاتەکەی لە کاتی پەتای کۆرۆنا رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەوە.
ئایاسۆفیا و کەنیسەی خۆرا دەکەونە شوێنە دێرینەکانی ئیستەنبووڵ، کە خراونەتە لیستی میراتی جیهانیی یۆنسکۆ.
پێنج مانگ دوای سەردانەکەی بۆ ئەسینا، بڕیارە رۆژی دووشەممە، ئەردۆغان لە ئەنقەرە پێشوازی لە میتساتۆکیس بکات، بۆ ئەوەی تاوتوێی پەیوەندیی نێوان وڵاتەکانیان بکەن و بەسەر ناکۆکییەکانیاندا زاڵ بن بە دیاریکراویش لەسەر سنوورەکانیان لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست.