پیاوێکی تەمەن 91 ساڵان لە سعودیە ساڵانە 2.5 تۆن قاوە بەرهەمدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
باخێکی قاوە لە شاری جازانی باشووری سعودیەیە کە باخەوانێکی تەمەن 91 ساڵانی هەیە لەگەڵ هەر نۆ کوڕەکەی، خزمەتی ئەو باخە دەکەن. ئەو قاوەیەک لەو باخەی بەرهەمدەهێنێت کە لە هەموو جۆرەکانی دیکەی قاوە جیاوازە، تەنانەت رەنگەکەشی قاوەیی نییە و تامەکەشی لە تەواوی ئەو قاوە رەش و تاڵەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، جیاوازە.
قاوەی خەولانی قاوەیەکی رەنگ سوورە کە باوانی ئەم پیاوەش بەرهەمیان هێناوە. تەنیا لەم باخەدا ساڵانە 2.5 تۆنی لێ بەرهەم دێت و هەر کیلۆیەکیشی بە 30 تاوەکو 40 دۆلار دەفرۆشرێت.
فەرەح ئەلمالکی، خاوەنی باخی قاوە دەڵێت: "من ئەم باخەم لە باوکمەوە بۆ ماوەتەوە کە کاتی خۆی کارم لەگەڵی دەکرد و ئێستاش رادەستی منداڵەکانم دەکەم، کە ئەوانیش لەگەڵ من کاردەکەن. هیوادارم نەوەکانیشم کاری تێدابکەن. ئەم باخەم زۆر خۆشدەوێت، تەنانەت لە منداڵەکانیشم زیاتر خۆشم دەوێت."
وەکو هەنگاوێک بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و پشت نەبەستن بە نەوت، حکومەت ئەمساڵی ناو ناوە 'ساڵی قاوەی سعودی' و مانگی رابردوو کەمپینێکی بۆ بەرەوپێشبردن و زیاتر ناساندنی قاوەی وڵاتەکەی دەستپێکرد و داواش دەکات چیدی قاوەکەی بە قاوەی عەرەبی ناونەبرێت و لە جیاتی ئەوە، بە قاوەی سعودی بناسێندرێت.
ئێستا جووتیاران و حکومەتیش هیوادارن قاوەکەیان وەکو بەشێک لە میراتی کولتووری نەتەوەیی لەلایەن یونسکۆوە بناسێندرێت.
ئەحمەد ئەلمالکی، کوڕی فەرەح دەڵێت: "ئەگەر بچنە نێو لیستی یونسکۆ وەکو بەشێک لە میراتی کولتووریی مرۆیی، ئەوکات دەبێتە پاڵپشتیی زیاتر بۆ جووتیاران و درەختی قاوەش پارێزراو دەبێت."
سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن قاوە لە سەدەی 15 لە ئەسیوپیا دۆزراوەتەوە، دواتر بۆ یەمەن و پاشانیش بۆ هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوازراوەتەوە.
تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 سعودیە 400 هەزار درەختی قاوەی لە 600 باخی سەرتاسەری وڵاتدا هەبووە و بەو پێیەش ساڵانە 800 تۆن قاوە بەرهەمدەهێنێت. سعودیە لە پلانی دایە تاوەکو ساڵی 2025 ملیۆنێک و 200 هەزار درەختی قاوەی خەولانی بڕوێنێت.