ئیسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوامە و رێکخراوە مرۆییەکان دۆخی غەززە بە 'کارەساتبار' ناودەبەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کەرتی غەززە، وێڕای ئەوەی سەدان هەزار کەسی سڤیل بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە پەنایان بۆ بردووە.
 
رێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن، غەززە رووبەڕووی دۆخێکی "کارەساتباری" مرۆیی دەبێتەوە، لە لێواری بڵاوبوونەوەی چەندین پەتادایە و خەڵکەکەی خەریکە لە برسان دەمرن.
 
حەماس رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئیسرائیل "زنجیرەیەک هێرشی زۆر تووندی" کردووەتە سەر شاری خان یونس و ئەو رێگەیەی کە شارەکە بە رەفەحەوە دەبەستێتەوە.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، حەماس و گرووپی جیهادی ئیسلامی لە نزیک خان یونس "شەڕ و پێکدادانی" سەختیان لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل هەبووە.
 
تاوەکو ئێستا، لانیکەم 17 هەزار و 700 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، کە بەشی هەرە زۆریان منداڵ و ژنن، ئەمەش وەکو وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە خستوویەتیەڕوو.
 
ئیسرائیل دەڵیت، تاوەکو حەماس لەنێونەبات، لە هێرشەکانی ناوەستێت، ئەوەش دوای ئەوەی کە 7ی تشرینی یەکەم، گرووپە فەلەستینییەکە هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا، لانیکەم 1200 کەسی کوشت.
 
ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، هێشتا 137 بارمتەی ئیسرائیلی لە دەستی گرووپە فەلەستینیەکاندا ماون.
 
لەبەر ئەوەی هیچ شوێنێکیی ئەوتۆیان نییە لە مووشەکی ئیسرائیل بیانپارێزێت، رۆژی شەممە، خەڵکی سەرانسەری کەرتی غەززە پەنایان بردبووە بەر نەخۆشخانەکان.
 
لە باکووری غەززە، هەزاران کەس چووبوونە نەخۆشخانەی شیفا، کە لە دوای ئەوەی مانگی رابردوو ئیسرائیل هەلیکوتایەسەر، لە کارکەوتووە.
 
سەدان کەمپی کاتی کە لە کۆنە ئاسن و پلاستیکی بەکارهاتوو دروستکراون، حەوشە و باخچەی نەخۆشخانەکەیان تەنیوە.
 
سوهەیل ئەبو زەلفەی تەمەن 56 ساڵ، لە ناوچەی شەجاعییە، گوتی، لە بۆردوومانی چڕی تانک و فڕۆکەکانی ئیسرائیل هەڵهاتووە.
 
ئەو دەڵێت: "شتێکی شێتانە بوو. تۆپێک بەر خانووەکەم کەوت و کوڕە 20 ساڵانەکەمی بریندار کرد. ئێمە هەڵهاتین بۆ شاری کۆن، لە هەموو شوێنێک هێرشی ئاسمانی و وێرانکاری بوو، نەمانزانی بۆ کوێ بڕۆین. نازانین کە ئایا هەڵدەکوتنە سەر نەخۆشخانەکە یان نا.
 
"دۆخێکی قیامەت-ئاسا"
 
نزیکەی 1.9 ملیۆن کەس لە کۆی 2.4 ملیۆن دانیشتووی غەززە، ئاوارە بوون.
 
بەهۆی ئەوەی رێگەی دەرچوونیان نییە، روویانکردووەتە ناوچەی رەفەح لە نزیک سنووری غەززە لەگەڵ میسر؛ ناوچەکە بووەتە کەمپێکی گەورەی ئاوارەکان.
 
لە سەرانسەری باکووری غەززە، تەنیا دوو نەخۆشخانە بە نیمچە کراوەیی ماونەتەوە و ئەوانی دیکە بەهۆی بۆردوومان بە تەواوی داخراون. یەکێک لەوانەی بە نیمچە کراوی ماوەتەوە، نەخۆشخانەی عەودەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "بە تانک و سەربازی ئیسرائیلی گەمارۆدراوە و شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەری بەردەوامە."
 
لە شوێنێکی نزیک لەوێ لە ناوچەی جەبالیا، بەردەم فرۆشگاکان هەڵکەندراوە و کراوەتە گۆڕستان بۆ ناشتنی تەرمی کوژراوانی غەززە. 
 
واشنتن، کە بایی ملیاران دۆلار یارمەتیی سەربازیی بە ئیسرائیل داوە، دەڵێت داوای لە هاوپەیمانەکەی کردووە کاری زیاتر بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل بکات.