دوو سەربازی سعودیە لە یەمەن کوژران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سعودیە دەڵێت، دوو سەربازی ئەو وڵاتە لە هێرشێکدا لە یەمەن کوژراون.
تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، "لە ئەنجامی هێرشێکی ناپاک و ترسنۆکانەدا ئەفسەرێک و سەربازێک شەهید بوون، ئەفسەرێکی دیکەش برینداربوو."
بە گوتەی تورکی مالیکی، هێرشەکە رۆژی هەینی لە شاری سەیئون ئەنجام دراوە.
سعودیە لە ساڵی 2015 هاوپەیمانییەکی سەربازیی پێکهێنا و چووە نێو یەمەن بۆئەوەی دژی حووسییەکان بەرگری لە حکومەتی دانپێدانراوی یەمەنی بکات.
شاری سەیئون دەکەوێتە پارێزگای حەزەرمەوت کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەندایە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی سعودیە، لەو سەربازگەیەی هێرشەکە روویدا، هێزەکانی هاوپەیمانییەکە سەرقاڵی راهێنان بوون بە هێزە خۆجێییەکان، بەڵام وردەکاری لەبارەی ناسنامە و هاندەری هێرشکارەکە نەدراوە.
ئەفسەرێکی یەمەنی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، رووداوەکە بە دەمەقاڵێی نێوان هێرشکارە یەمەنییەکە و سعودییەکان دەستیپێکرد، کە دواتر سەری کێشا بۆ شەڕە تەقە.
میدیای فەرمیی سعودیە دەڵێت، هێرشکارەکە "نوێنەرایەتیی ئەندامانی شکۆمەندی وەزارەتی بەرگریی یەمەن ناکات."
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، تەرمی هەردوو کوژراوەکە گەڕێندراونەتەوە سعودیە.
هەروەها بڕیاردراوە هێزەکانی سعودیە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی یەمەن لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن.
شەڕی نێوخۆی یەمەن بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس، کە بەشێکیان راستەوخۆ بەر ئاگری جەنگەکە کەوتوون و بەشێکی دیکەش بەهۆی کاریگەریی ناڕاستەوخۆی جەنگەکە، وەکو برسێتی، گیانیان لەدەستداوە.
شەڕ و پێکدادانەکان لە نیسانی 2022ـەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە، دوای ئەوەی کە بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگربەست راگەیێندرا.