وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر نێوەڕاستی بەیرووت، 22 کەس کوژراون و 117ی دیکە بریندار بوون.
میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، لەو هێرشەدا وەفیق سەفا، بەرپرسی هاوئاهەنگی و پەیوەندییەکانی حیزبوڵڵا کراوەتە ئامانج، بەڵام میدیای نزیک لە حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، بەرپرسەکە "سەلامەتە".
لە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەی رابردوودا، ئیسرائیل هێرشی چڕی کردووەتە سەر باشووری بەیرووت، کە بە مەڵبەندی حیزبوڵڵا دادەنرێت، بەڵام بە دەگمەن نێوەڕاستی شارەکەی بەئامانجکردووە.
هێرشەکەی ئەمجارە لە هەمان ئەو رۆژەدا هات، کە هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل "چەندین جار" هێرشیان کردووەتە سەر پێگە و بارەگەکانی هێزە نێونەوتەوەییەکە، لەنێویاندا بە تانک، لە ئەنجامی ئەوەشدا دوو سەربازی ئاشتیپارێز کە ئیندۆنیزین، بریندار بوون.
ئەمشەو لە بەیرووت سێ گرمەی گەورە بیستران، کە دووانیان لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی نوەیری بوون، کە دەگوترێت وەفیق سەفا تێدا کراوەتە ئامانج.
دیمەنی راستەوخۆی شارەکە پێشانیدا کە دووکەڵ لە نێو گەڕەکەکانی شارەکە بەرزدەبێتەوە.
هێرشی سەر هێزی ئاشتیپارێز
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەربازی چەندین وڵاتی تێدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئیسرائیل "چەندین جار" لە پێگەکانی ئەوانی داوە.
گۆیدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، "ئەو دوژمنکارییانەی هێزە ئیسرائیلییەکان لە دژی بنکەی هێزی ئاشتیپارێز دەیکەن و دووبارەی دەکەنەوە، دەکرێت بە تاوانی جەنگ دابنرێت"، گوتیشی ئیتاڵیا داوای روونکردنەوەی فەرمی لە ئیسرائیل دەکات، چونکە ئەوەی کراوە بە هەڵە نەبووە".
هاوکات واشنتن گوتی، لە کاتێکدا ئیسرائیل پێگەکانی حیزبوڵڵا دەکاتە ئامانج، "گرنگە هەڕەشە لە سەلامەتی و ئاسایشی هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەکات".
سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارانی حیزبوڵڵا بوون لە نزیک بارەگەی هێزە ئاشتیپارێزەکە و پێشتر "رێنماییان بە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە دابوو لە شوێنە پارێزراوەکاندا بمێننەوە".
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، "چاوەڕێی روونکردنەوە لە حکومەتی ئیسرائیل دەکەین. پاراستنی ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەرکی هەموو لایەنەکانی نێو ململانێکەیە".
وەزارەتەکە هەروەها گوتی، "فەرەنسا سەرکۆنەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر سەلامەتیی یونیفێل دەکات".
فەرەنسا لە ساڵی 1978ـەوە سەربازی لە لوبناندا هەیە و 700 سەربازی لە نێو هێزی یونیفێڵدان.
هاوکات ئایرلاند رایگەیاند، هێرشەکە "مایەی قبووڵکردن نییە".
وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیاش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "حکومەتی ئیسپانیا بە تووندی سەرکۆنەی تەقەکردنی ئیسرائیل لە بارەگەی یونیفێڵ لە ناقوورە دەکات" هەروەها داوای کرد، ئاسایشی ئاشتیپارێزەکان "مسۆگەربکرێت".
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ناوەکەی بە یونیفێڵ کورتدەکرێتەوە، نزیکەی 10 هەزار سەربازی لە باشووری لوبنان هەیە.
دوای ئەوەی لە 23ی ئەیلوول شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل تووند بوو، هێزە نێونەتەوەییەکە داوای ئاگربەستی کرد.
یونیفێڵ ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەم بەیانییە، دوو [سەربازی] ئاشتیپارێز بریندار بوون دوای ئەوەی تانکێکی مێرکاڤای سوپای ئیسرائیل چەکەکانی بە ئاراستەی تاوەرێکی چاودێریی بنکەی یونیفێڵ لە ناقوورە تەقاندن، کە راستەوخۆ بەر تاوەرەکە کەوتن و بەو هۆیەوە دوو سەربازەکە کەوتنە خوارەوە".
بە گوتەی یونیفێڵ برینی دوو سەربازەکە سەخت نییە، "بەڵام لە نەخۆشخانە ماونەتەوە".
گوتەبێژێکی هێزەکەش رایگەیاند، دوو سەربازەکە ئیندۆنیزین.
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا گوتی، هێرشەکە "شیاوی چاوپۆشی لێکردن نییە".
"سەرەڕۆ"
هەروەها سایمن هاریس، سەرۆکوەزیرانی ئایرلاند، کە نزیکەی 370 سەربازی وڵاتەکەی لەنێو هێزە ئاشتیپارێزەکەدان، گوتی، "بەکارهێنانی هەر جۆرە چەکێک لە نزیک سەربازان یان پێگەکانی یونیفێڵ، کارێکی سەرەڕۆیانەیە و پێویستە بوەستێت".
یونیفێڵ دەڵێت، هەر لە رۆژی پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر پێگەیەکی دیکەشیان لە راس ناقوورە.
لەو هێرشەدا، سوپای ئیسرائیل "لە دەرچەی پەناگەیەکی دا کە ئاشتیپارێزەکانی تێدابوون، زیانی بە ئۆتۆمبێل و سیستمی پەیوەندی گەیاند".
یونیفێڵ هەروەها باسی لەوە کردبوو درۆنێکی ئیسرائیل "لە نێو سنووری پێگەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا فڕیوە و بەرەو دەرەچەی پەناگەکە چووە".
بە گوتەی هێزەکە، پێگە و بارەگەکانیان چەندین جار کەوتوونەتە بەر تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل.
یونیفێڵ دەڵێت، "رۆژی چوارشەممە، سەربازانی ئیسرائیل بە مەبەست تەقەیان لە کامێراکانی چاودێریی" و پێگەیەکی هێزەکە کرد و لەکاریخستن. هەروەها "بە مەبەست تەقەیان لە شوێنێک کرد کە پێش دەستپێکردنی ململانێکە کۆبوونەوەی سێقۆڵی تێدا دەکران".
هەفتەی رابردوو یونیفێڵ رایگەیاند، پێش ئەوەی سوپای ئیسرائیل هێرشی زەوینی بکاتە سەر لوبنان، داوای لەوان کردبوو لە هەندێ پێگەیان بکشێنەوە، بەڵام یونیفێڵ داواکەی رەتکردەوە.
مایکڵ هیگنز، سەرۆکی ئایرلاند ئەو داوایەی بە "سووکایەتیکردن بە گرنگترین دامەزراوەی جیهانی" ناوبرد.
لە 23ی ئەیلوولەوە، زیاتر لە هەزار و 200 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە نێو باشووری لوبناندا کوژراون و ملیۆنێک و 200 هەزار کەسیش دەربەدەر بوون.